دوو چێشتخانە و دوو كارگەی شیرینی داخران

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر ئاشكرای دەكات، بەهۆی پاپەند نەبوون بە ڕێنوێنییەكانی تەندروستی، چوار شوێن لەناو بازاڕی هەولێر داخران كە دووانیان چێشتخانە و دووانیان كارگەی شیرینین.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی قایمقامییەتی هەولێر هاتووە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنوێنییەكانی تەندروستی چوار شوێنكار داخران.

لە ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرای كراوە داخستنی ئەو شوێنانە لە ناوەندیی بازاڕی هەولێر لیژنەی پشكنین و چاودێری بازاڕ، لە ئەنجامی بەدواداچوون بۆ 21 شوێنی نوێ لەناو بازاڕی شاری هەولێر بوو.

ئاماژەیان داوە، پشكنین و بەدواداچوونەكان تایبەت بوو، بە چەند خواردنگە و رێستورانت و كافتیریا و نانەواخانە و سەموونخانە و كارگەی لوقم، بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنوێنییەكانی تەندروستی، دوو چێشتخانە داخران لەگەڵ دوو كارگەی شیرینی، كاردانەوەی یاسایییان لەگەڵ دەكرێت.

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی هەولێر لەماوەی ڕابردوو بۆ ڕێگریی لەو بۆنە ناخۆشەی لە دەوروبەری هەولێر بڵاو بووەوە، زیاتر لە 50 پاڵاوگەی نایاسایییان داخستن كە هۆكاری پیسبوونی ژینگەی هەولێر بوون.



وشە - رامیار جەواد


AM:10:36:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌