بەسڕە لە ژێر كۆنتڕۆڵ دەرچووە و ئاڵۆزییەكان ڕوو لە زیادبوونن



بێكاری و نەبوونی كارەبا هاووڵاتییانی بەسڕەی هێنایە سەر شەقام، كوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران بە فیشەكی هێزە تەناهییەكان لە شارێكی پڕچەك كە عەشیرەتەكان تێیدا لە حكوومەت بەهێزتر و پڕچەكترن، مەترسی بەریەككەوتنی چەكداری لێ دەكرێت لە وەختێك خۆپیشاندان بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەك بەردەوامی هەیە و چەند پارێزگایەكی تریشی گرتووەتەوە.

پایتەختی ئابووری عێراق كە ژمارەی دانیشتووانی سێ ملیۆن كەس دەبێت، رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەفرۆشرێت و هەزاران تۆن كەلوپەلی لێوە هاوردەی عێراق لە رێی حەوت بەندەرەكەی سەر كەنداوی عەرەبی، كەچی بەپێی بەدواداچوونێكی لیژنەی پلاندانان لە ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە 48%ی دەرچووانی خوێندنی باڵا بێكارن!

بەسڕە 590 كم باشووری بەغدا كە شەتوڵعەرەب "190كم درێژە" بەناو شارەكەدا تێپەڕ دەبێت، هاووڵاتییانی لە تەنگژەی ئاوی خواردنەوەدان و رۆژانە تانكەری ئاو بە 50 هەزار دینار دەكڕن، ئەمە لە كاتێكدایە پچڕانی كارەبا هێندەی تر گەرمای هاوینی لێ بەتینتر كردووە.

هەموو ئەو كێشانە وایكرد سەرەتای ئەم هەفتەیە لە دەست نەبوونی كارەبا و بێكاری و ئاوی خواردنەوە، چەند هاووڵاتییەك خۆپیشاندان بكەن و داوای دامەزراندن لە كۆمپانیاكانی نەوت بكەن لە جێی كرێكارە بیانییەكانی هێنراون بۆ شارەكە، بەڵام هێزە تەناهییەكانی پاراستنی كۆمپانیاكانی نەوت بە چەك وەڵامیان دایەوە و بەهۆیەوە گەنجێك كوژرا و چواری تریش بریندار بوون.

كوژرانی ئەو گەنجە، بەردەوامی بە ناڕەزایەتییەكان دا و بۆ رۆژی چوارەم لەسەریەك خەڵكی دژی هێزە تەناهییەكان و داخوازییەكانیان دەڕژێنە سەر شەقامەكان. لە بەرانبەردا حكوومەتی عێراق دەیەوێت هێزی زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی شارەكە رەوانەی بەسڕە بكات، ئەو هەنگاوەی حكوومەت ئەگەری بەریەككەوتنی لەگەڵ هێزی چەكداری عەشایەری شارەكەی لێ دەكرێت كە ئەو چەكەی بەدەست عەشاریەری شارەكەیە زۆر لەو چەكەی بەدەست هێزە تەناهییەكان زیاتر و بەهێزترە.

ئەگەری بەرێككەوتنی چەكداری هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكانی ئەنجوومەنی عەشایەری بەسڕە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی فراوان لە بەسڕە و شار و شارۆكەكانی كە هەڕەشەی داخستنی رێی سەرەكی چوون بۆ بەندەری بەسڕە كە تاكە بەندەری هەناردەكردنی نەوتی عێراقە دەكەن.

پێوەند بەو پرسە ئەفسەرێكی هێزە تەناهییەكان كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ حكوومەت هێزێكی زۆری بۆ بەسڕە هێناوە و لە كووچە و گەڕەكەكان بڵاوەیان پێ دەكات بەرانبەر بەو هەڕەشانەی هەندێك لە عەشیرەتەكانی شارەكە دژ بە هێزە تەناهییەكان رایان گەیاندووە لەسەر كوژرانی ئەو گەنجە ناڕازییە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی فەرمی "حزبی شیوعی عێراقی"، لیژنەی خۆپیشاندەران پێنج داواكارییان هەیە، لەوانە باشتركردنی كارەبای نیشتمانی، خستنەسەر كاری بێكارانی شارەكە لە جێی كرێكارانی بیانی، رادەستكردنی ئەو هێزەی تەقەی لە خۆپیشاندەران كردووە و دانیان بە دادگا، باشتركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان لە شارەكە، پێدانی پتڕۆ دۆلار بە بەسڕە. خۆپیشاندەران حكوومەتیان سەرپشك كردووە كە داوكارییەكانیان جێبەجێ دەكەن یان ناڕەزایەتییەكان زیاتر بەرفروانتر بێت و ببێت بە شۆڕش.

محەمەد ئەبولهێل شێخی عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ دەڵێ، دەبێت ئەو كەسانەی تێوەگلاون بە كوشتنی ئەو گەنجە ناڕازییەی عەشیرەتەكەی ئێمە رادەستمان بكرێن، لەگەڵ ئەو ئەفسەرەی بڕیاری تەقەكردنەكەی داوە دژ بە خۆپیشاندەران، گوتی "ئەگەر ئەوە نەكەن ئەوا رێوشوێنی توند دژ بە هێزە تەناهییەكان دەگرینەبەر".

لای خۆیەوە عەبد ئەلحوسێن ئەلمەنسووڕی یەكێك لە پیاوماقووڵانی عەشیرەتی ئەو گەنجەی كوژراوە، تووڕەیی و هەڵچوون لەناو عەشیرەت گەیشتووەتە قۆناغی زۆر مەترسیدار، ئەگەری هەیە دۆخی تەناهی بەسڕە بە تەواوەتی تێك بدات ئەگەر حكوومەت تۆمەتباران رادەست نەكات. گوتی "خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت و هەڵوێستەكانیش توندتر دەبێت تا ئەو كاتەی حكوومەت داواكارییەكانی عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ جێبەجێ دەكات".

پێوەند بەو پرسە فەریق روكن جەمیل شەمەڕی سەركردەی ئۆپراسیۆنەكانی بەسڕە، گرووپێك لە چەكداران تۆمەتبار دەكات كە چەكی مامناوەند و سووكیان بە دەستە، بە داخستنی رێی چوونی كۆمپانیاكان بۆ ناوچەی باهلە لە باكوری بەسڕە كە رووداوەكەی لێ رووی داوە، گوتی "هێزە تەناهییەكانیش شكستیان هێناوە لە كردنەوەی رێیەكە".

ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسڕە، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی هێزە عەشایەرییەكان و دەڵێ گرنگە بۆ پاراستنی دۆخی تەناهی شارەكە هەرچی زووە تۆمەتبارانی بكوژی گەنجە ناڕازییەكە رادەست بكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. گوتی "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە بڕیاری قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ گەیشتوونەتە بەسڕە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە".
 
دۆخەكە لە بەسڕە زۆر لەوە زیاتر تێكچووە كە چاوەڕوان دەكرا، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند عەشیرەتێكی تریش هاتوونەتە پاڵ عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ.

زوغام سەباح مالیكی شێخی عەشیرەتی بەنی مالك، دەڵێ چیتر عێراق دەوڵەت نییە، بەڵكو بووە بە وڵاتی گرووپە مافیاكان و حزبەكان كە یاری بە چارەنووس و سەرچاوەی داهاتی وڵات دەكەن، هەرچی دەكەوێتە دەستیان دەیفرۆشن تا دەگات سەروەریی وڵاتیش.

زیاتر گوتی "پێویستە لەسەرمان دۆخەكە رێك بخەینەوە لە پێناو پاراستنی مانەوەی خۆمان، ئەگەر ئەوە نەكەین، ئەوا ئێمەش دەبینە پاروویەكی چەوری مافیاكان ناوەخۆ و نێودەوڵەتی".

شێخی عەشیرەتی بەنی مالیك رەخنەی توندی لە رووداوی كوشتنی ئەو گەنجە گرت، دەڵێ ئەوە پەیامێكی روونە لای دەسەڵاتدارانی عێراق كە هەر كەس داوای مافی خۆی بكات ئەوا دەكوژرێت، ناكرێت بەرانبەر بەو پەیامە بێدەنگ بین.

عەلی بەدری مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی نەهرێن دەڵێ ئەوەی لە بەسڕە روو دەدات، زۆر بە روونی دیارە كە شەڕ و ململانێیە لە نێوان دەوڵەت و عەشایەرەكان، گوتی "پێداگیری عەشیرەت لەسەر رادەستكردنی تۆمەتبارەكە پێشتریش رووی داوە و خەڵكیان رادەست كراوە، چونكە دەوڵەت و دامەزراوەكانی چوونەتە ژێر باری عورفە عەشایەرییەكان".

لە زیقاڕیش خۆپیشاندانە
هەر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندان پارێزگای زیقاڕیش سەری هەڵدا. هەزاران لە هاووڵاتییانی شاری ناسڕیە ناوەندی پارێزگای زیقاڕ بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و نەبوونی كارەبا، لە شەقامی نەبی ئیبراهیم خەلیل دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و پاشان رێی چوون بۆ گۆڕەپانی باشووری شارەكەیان داخست.

خۆپیشاندان گەیشتە واست
لە واست ئێوارەی رۆژی دووشەم نۆی تەمووز، خۆپیشاندانێكی فراوان لە ناوچەكانی داموك، زەهرا، عەزە، زویرجات، مەدینەی ئەنوار ئەلسەدر دەستی پێ كرد و بەیەكەوە بەرەو ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێ كەوتن، جگە لەوان، بەشێك لە خۆپیشاندەران چوونە بەردەم ماڵی پارێزگار و هەندێكیش چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای شارەكە لە گۆڕەپانی تەمووز.

خۆپیشاندەران تابلۆی دامەزراوە حكوومییەكانیان سووتاند و پاشان رێی چوون بۆ زیقاڕیان داخست، داواكاریشیان هەمان داواكاری خۆپیشاندەرانی بەسڕە و زیقاڕە.

لە ترسی بەریەكەوتنی چەكداری، پۆلیسی واست هەرزوو ئەو خۆپیشاندەرانەی گیرابوون، ئازادیان كردن، رایان گەیاند خۆپیشاندان مافێكی دەستووری هاووڵاتییانە.

پۆلیسی واست لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەش دا ئەركی پۆلیس پاراستنی سیستەمە لەناو شاردا و پارێزگاریكردنە لە موڵكی گشتی و تایبەت، بۆیە رێ بە هیچ كەسێك نادەین ریزی خۆپیشاندەران تێك بدات و ئاژاوە لە نێوان ئەوان و هێزەكانی پۆلیس دروست بكات.

لە دیالە خۆپیشاندانە
خۆپیشاندان گەیشتە دیالە، بە دیاریكراوی لە شارەدێی بەنی سەعد "20 كم باشووری رۆژئاوای بەعقووبە سەنتەری پارێزگای دیالە"، خۆپیشاندەرانی ئەو شارەدێیە بەرەو بینای شارەدێیەكە و ئەنجوومەن رۆیشتن، هەڵچوون و تووڕەیی خۆپیشاندەران بەهۆی نەبوونی كارەبا، لە شۆڕش دەچوو، ئەمەش وایكرد كە باڵەخانەی شارەدێیەكە بسووتێنن.

داوا دەكرێت عەبادی بێتە سەر خەت
عەلی بەیاتی ئەندامی لیژنەی باڵای مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە لیژنەكەیان لە بەسڕە، ئەوا دۆخی شارەكە زۆر مەترسیدارە، بۆیە داوای لە عەبادی دەكەم بە زووترین كات سەردانی بەسڕە بكات و دانیشتنێكی فریاكەوتن لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانی شارەكە بكات بۆ تێگەیشتن لەوەی لە شارەكە چی رووی داوە و چارەسەری كێشەكە چۆن دەكرێت.

بەیاتی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە دا كە دۆخی بەسڕە دەخوازێت پلانێكی كورتخایەن و درێژخایەنی بۆ دابڕێژرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدەمەوەچوونی مافەكانی خۆپیشاندەران.




وشە - فه‌رمان سادق


AM:10:57:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 2954 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌