فەیسبووك بە بڕی 600 هەزار دۆلار سزا دەدرێ

:: AM:11:06:11/07/2018 ‌
كۆمیسەری ڕێكخستنی زانیارییەكان لە بەریتانیا ئاشكرای كرد، سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیای فەیسبووك، بەهۆی پێشێلكردنی یاسا داتا و زانیارییەكان یەكلا بووەتەوە.

ئەلیزابێس دنهام كۆمیسەری ڕێكخستنی زانیاری لە بەریتانیا ئاشكرای كرد، دوای لێكۆڵینەوەی نووسینگەی ڕێكخستنی زانیاری و داتاكان لە بەریتانیا لەبارەی چۆنیەتیی دزینی داتای ملیۆنان بەكارهێنەری فەیسبووك لەلایەن كۆمپانیای كامبریج ئەنالیتیكا، بڕیاری یەكلاكەرەوەمان دا بۆ سزادانی كۆمپانیای فەیسبووك.

سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فەیسبووك "مارك زوكەربێگر" لە ماوەی ڕابردوو جارێك لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكا و جارێكی تریش لەلایەن پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەوروپا داوا كراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا كراوە، لەبارەی چۆنیەتیی دەسكەوتنی زانیاری و داتانی 87 ملیۆن بەكارهێنەری فەیسبووك بە شێوەیەكی نائاسایی و نایاسایی لەلایەن كۆمپانیای كامبریج ئەنالیتیكاوە.

دنهام بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پاش لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی بۆچوونەكان، بە تۆمەتی رێدان بۆ خراپ بەكارهێنانی داتا و زانیارییەكان بۆ بەرژەوەندی هەڵمەتە سیاسییەكان، بە بڕی 500 هەزار پاوەند كە دەكاتە 663 هەزار دۆلاری ئەمەریكی سزای كۆمپانیای فەیسبووك بدەین.

كۆمپانیای فەیسبووك مافی ئەوەی هەیە، تانە لە بڕیارەكانی كۆمسیۆنی داتا و زانیاری بەریتانیا بدات، بەر لەوەی بڕیاری كۆتایی بدرێ و سزاكە پەسەند بكرێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د