منداڵان لەڕێی چیرۆكەوە لە یارییە ئاگرینەكان دوور دەخرێنەوە

:: AM:11:35:11/07/2018 ‌
ماوەی چەند رۆژێكە لە هەنگاوێكی جیاواز و بەشێوەیەكی خۆبەخشانە، كۆمەڵێك مامۆستا و ئەدەبدۆستی شارۆكەی كەلار /ناوەندی ئیدارەی گەرمیان/ لەرێی كۆمەڵەیەكەوە بەناوی (كۆمەڵەی منداڵانی چیرۆكخوێن)، منداڵان كۆ دەكەنەوە بە چیرۆك خوێندنەوە ژیانیان لا جوان دەكەن بەو ئامانجەی لە یاریی ئاگرین و كات بەفیڕۆدان بە دیار ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە، دووریان بخەنەوە.

بەهۆی فراوانی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا لەلایەن منداڵەوە لە كوردستان، زۆرینەی خێزانی كوردی بەشێكی زۆری باسەكانیان بووە بە گفتوگۆ لەبارەی سەرقاڵی منداڵەكەی بە ئەتاری و یارییەكانی ناو مۆبایل و نیگەرانن لەوەی كە خەریكە دادەبڕێن لە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. حكوومەتیش هیچ پلانێكی هۆشیاری لەو رووەوە نییە. بۆیە هەوڵی خۆبەخشانە هەیە بۆ پەرەپێدانی منداڵ.
شەماڵ تەلیعە سەرپەرشتیاری كۆمەڵەی منداڵانی چیرۆكخوێن لە كەلار بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئێمە وەك كۆمەڵێك مامۆستا و كەسی تینووی خوێندنەوە و ئەدەبی كوردی، بۆ دوورخستنەوە و دەربازكردنی منداڵ لە یارییە ئاگرینەكان و بەسەربردنی كاتەكانیان لەگەڵ یارییە ئەلیكترۆنییەكان، كە هەندێكی گیانی شەڕانگێزی لە ناخی منداڵدا دروست دەكات، بە پێویستمان زانی لە رێی خوێندنەوە و چیرۆكەوە، منداڵ لەگەڵ دنیای تەمەنی منداڵی ئاشنا بكەین.
تەلیعە دووپاتی دەكاتەوە كە كارەكەیان خۆبەخشانەیە و تەنیا مەبەستیان دەستگرتنی منداڵە لەو لادانانەی لە وەرزی پشووی خوێندندا رووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەوەیشی خستە ڕوو، "بێ هاوكاری هیچ حزبێك و مەبەستێكی سیاسی، كۆمەڵەكەمان منداڵ كۆ دەكاتەوە و ئەو چیرۆكانەیان پێ ئاشنا دەكەین كە گیانی خۆشەویستی و تەبایی لە ناخیاندا پەرە پێ دەدات".
"لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆكدا یاریی منداڵانەیش دەهێنین بۆ ناو چالاكییەكان و ئەوانەی بەشدار دەبن لە تەمەنی باخچەی ساوایانەوە بۆ قۆناعی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت بێ بەرامبەر،" شەماڵ تەلیعە وای گوت.
باخچەی ساوایان لە كوردستان لە چوار ساڵییەوە منداڵ وەردەگرێت و قۆناغی بنەڕەتیش تا پۆلی نۆ دەگرێتەوە كە لەو كاتەدا منداڵ گەشەی كردووە و تەمەنی 15 ساڵە.
شیرین مەحموود بەرپرسی ئۆفیسی گەرمیانی رێكخراوی لانەی منداڵانی كوردستان، بۆ "وشە" كارەكە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێ، "هەنگاوی لەو جۆرە كە لەلایەن كۆمەڵێك مامۆستا و خەڵكی ئەدەبدۆستەوە هەڵگیراوە بۆ خزمەتكردنی منداڵ، كارێكی زۆر ناوازەیە".
بەگوتەی شیرین "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی منداڵ لەو كێشانەی لە كۆمەڵگە رووبەڕوویان دەبێتەوە، وەك ئاوێتەبوون بە یاریی لە كۆڵان و چوونە گازینۆكانی تایبەت بە یاریی ئەلیكترۆنی".
تانیا حەسەن منداڵێكی بەشدار و گوێگری چیرۆكەكان بۆ "وشە" باسی لەوە دەكرد كە چیرۆكەكان خۆشن و حەز دەكات كاتێكی زۆرتر لەگەڵ مامۆستاكان بمێنێتەوە.
ئێستە منداڵانی بەشداری ئەو چالاكییانە، ژمارەیان گەیشتووەتە 50 منداڵ و بەگوتەی هەڵسووڕێنەرانی چالاكییەكە، دەرگە كراوەیە بۆ هەر منداڵێك پێوەست بێ بە كۆمەڵكەوە، چیرۆكەكانیش لە یانەی رۆشنبیری كەلار بۆ منداڵ دێنە خوێندنەوە و دواتر دیاریشیان پێشكەش دەكرێ.

وشە/ گەرمیان- سەبری هۆرێنی


وشە - تایبه‌ت