دووبارە دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بووەتە هۆكاری زیاتر دابەزینی نرخی تمەنی ئێران و ئەمەش جگە لە ئێران كاریگەریی خستووەتە سەر دراوی ئەفغانستانیش. عێراق كە دراوسێیەكی تری ئێرانە لەم رووەوە كاریگەرییەكی ئەوتۆی وەرنەگرتووە.
رۆژانە سێ ملیۆن دۆلار لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران دەگوازرێتەوە، خاوەن نووسینگەكانی دۆلار و قاچاخچیانی دۆلار لە وڵاتەكەیانەوە دۆلار دەگوازنەوە ئێران و بەم كارەشیان قازانجێكی زۆر دەكەن.
دوای ئەوەی نرخی تمەن لە ئێران بۆ رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و ژمارەی پێوانەیی شكاند، ئێران نرخی دۆلاری بە چوار هەزار و 200 تمەن دیاری كردووە، لە كاتێكدا نرخە راستەقینەكە لە بازاڕ دەگاتە نزیكەی نۆ هەزار تمەن. ئێران دۆلارێكی زۆری بەدەستەوە نییە تا بیڕژێنێتە بازاڕ، بۆیە داواكاری لەسەر دراوی بیانی لە ئێران زیادی كردووە.
لە رێی بە قاچاخبردنی دۆلار لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران بەشێك لە پێداویستی ئێران بە دۆلار دابین دەكرێت.
راستە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران قازانجی بۆ ئێران لە لایەك و بازرگانان لە لایەكی تر هەیە، بەڵام زیانی بۆ دراوی ئەفغانستان هەیە و دەگوترێت نرخی ئەفغانی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دابەزیوە. ئەم دیاردەیە هۆكار بووە لەوەی بڕی دۆلار لە بازاڕەكانی ئەفغانستان كەم بكات.
ئەو وڵاتانەی داهاتی سەرەكییان دۆلارە و لە بانكی ناوەندییەوە بە دۆلار پێوەندییان لەگەڵ وڵاتان و بانكەكانی دنیا هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە دابەزینی دراوی فەرمی وڵاتەكەیان بكەن رۆژانە دۆلار دەڕژێننە بازاڕەوە، بەڵام ئەمە گرێ دراوە بەو بڕە دۆلارەی لە توانای حكوومەتەكە هەیە بیخاتە بازاڕەوە و ئەگەر نەتوانێت داخوازی بازاڕ بە دۆلار پڕ بكاتەوە، ئەوا لەو كاتەدا نرخی دراوی فەرمی وڵات دادەبەزێت.
لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا بەهای هەر دۆلارێك لە بەرانبەر ئەفغانی پێنج ئەفغانی زیادی كردووە و ئێستە هەر دۆلارێك بە 73.5 ئەفغانی دەفرۆشرێت.
ئیمل هاشور گوتەبێژی بانكی ناوەندیی ئەفغانستان دانی بەوە ناوە كە گەڕانەوەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران كاریگەریی خستووەتە سەر دراوی وڵات و لە بەهاكەی دابەزاندووە.
بانكی ناوەندی ئەفغانستان بۆ ئەوەی رێ لە دابەزینی نرخی ئەفغانی بگرێت، هەموو هەفتەیەك 50 ملیۆن دۆلار و 15 ملیۆن یۆرۆ دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام ئەم سیاسەتە دارایییە نەیتوانیوە رێ لە داشكانی ئەفغانی بگرێت، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەم كارە هاوسەنگی هەناردە و هاوردەی ئەفغانستان تێكچووە.
هەندێك لە خاوەن نووسینگەكانی دۆلار رەخنە لە حكوومەتی ئەفغانستان دەگرن و دەڵێن پێویست ناكات یۆرۆ بخرێتە بازاڕەوە و دەكرێت لە جیاتی یۆرۆ هەر دۆلار بخرێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نرخی ئەفغانی چیتر دانەبەزێت.
سیستەمی بانكیی ئەفغانستان سیستەمێكی زۆر دواكەوتووە و خەڵكی ئەم وڵاتە لە زۆربەی مامەڵە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانیان هەر لە دراوی كاش سوود وەردەگرن.
بۆیە بانكی ناوەندیی ئەفغانستان نەیتوانیوە نووسینگەكانی دراو كۆنترۆڵ بكات و خەڵك پارەكانیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازنەوە و ئەمەش وا دەكات هەرگیز بانكی ناوەندیی نەتوانێت كۆنترۆڵی بازاڕ بكات.
جگە لە بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران، رێیەكی تریش هەیە كە هۆكارە لەوەی بەشێك لە دراوی دۆلاری ئەفغانستان رۆژانە بۆ بازاڕەكانی ئێران بگوازرێتەوە.
خەڵكێكی زۆر لە ئەفغانستانەوە هاتوچۆی ئێران دەكەن و ئەو خەڵكەش كە دەچێتە ئێران تەنیا دراوی دۆلار لەگەڵ خۆی دەباتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بتوانێت لەوێ تمەن دابین بكات و هیچ كێشەیەكی بۆ نەیەتە كایەوە.
بەهادین رەحیمی سەرۆكی یەكێتی خاوەن نووسینگەكانی دراو بۆ
BBC باسی لەوە كردووە هەموو رۆژێك لە شارۆكەی ئیسلامقەلعەوە هەزاران كەس دەچنە ئێران و بەم كارەشیان رۆژانە لانی كەم یەك ملیۆن دۆلار دەگوازنەوە ئێران.
حكوومەتی ئەفغانستان ناتوانێ رێگری لە بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران بكات، چونكە لە لایەك ئێران سنوورێكی درێژی هاوبەشی لەگەڵ ئەفغانستاندا هەیە و لە لایەكی تریش بەشێكی بەرچاو لەو سنوورانە هەر لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندیدا نییە تا بتوانێت كۆنترۆڵیان بكات.
ئەگەر ئەمە بۆ ئەفغانستان دروست بێت و ببێتە مایەی قازانج بۆ خاوەن نووسینگەكان و قاچاخچییان، خۆ دەكرێ ئەمە بۆ عێراقیش دروست بێت چونكە لە عێراق زیاتر لە ئەفغانستان كار بە دۆلار دەكرێت و حكوومەتی ناوەندی عێراقیش دەستی كراوەترە بۆ ئەوەی دۆلار بڕژێنێتە بازاڕەكان. هاوكات لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە رۆژانە بە هەزاران كەس سەردانی ئێران دەكەن و زۆر لەوانەش بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی بێت یان سەردانی خزمان، ئەوا دۆلار لەگەڵ خۆیان دەبەن. بە پێچەوانەی ئەفغانستان نرخی دیناری عێراقی نەك دانەبەزیوە، بەڵكو تەنانەت لە بەرانبەر دۆلاردا بەرز بووەتەوە.