بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا تا ئێستا لە بڕیاری ئەنجامدانی ئاهەنگی ماڵئاوایی بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی پەشیمان نەبوونەتەوە كە دوێنێ سێشەم بە فەرمی بۆ ماوەی 4 ساڵ بە بەهای 105 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵییەوە كرد.
رۆناڵدۆ ئێستا لەگەڵ دەزگیران و منداڵەكانی لە دوورگەكانی یۆنان خەریكی وەرگرتنی پشووە دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018ی رووسیا ماڵئاواییان كرد.
رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد: بەشێكی زۆری بەرپرسانی یانەی شاهانە بە هەواڵە لەناكاوەكەی رۆیشتنی رۆناڵدۆ دڵگرانن دوای ئەوەی بۆ ماوەی 9 ساڵ لە ریزی یانەكەیاندا بەیەكەوە بوون.
ئاشكراشی كرد كە بەشێكی زۆری بەرپرسانی یانەی شاهانە تا ئێستا پێداگیری لە ئەنجامدانی ئاهەنگی ماڵئاوایی بۆ رۆناڵدۆ دەكەن، هەرچەندە بەپەلە و لەناكاو ماڵئاوایی لە یانەكەیان كرد.
رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە بڕیاری كۆتایی ئەنجامدانی ئاهەنگی ماڵئاوایی بۆ رۆناڵدۆ بەدەست فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدەوە و ئەویش تا ئێستا هیچ فەرمانێكی بۆ ئەمە دەرنەكردووە.
جێی باسە یانەی ریال مەدرید دوێنێ سێشەم بەفەرمی رۆیشتنی رۆناڵدۆی لە یانەكەی و پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵییەوە بە بەهای 105 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی 4 ساڵ راگەیاند.