سەرۆك بارزانی پەیامێكی هاوخەمی بڵاو كردەوە

:: PM:01:15:11/07/2018 ‌
سەرۆك بارزانی پەیامێكی هاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانییانی ڕووداوەكەی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەنێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی تەمووز/ یۆلیۆ، سەرۆك بارزانی لە پەیامێكی بۆ كەسوكاری قوربانییانی شاری سنە، ئاماژەی داوە، بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە پاسێكی نەفەرهەڵگر لە شاری سنە، ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەی هاتووە، ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی شاری سنە هەموومانی خەمبار كرد. هاوسۆزی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكە و خەڵكی خۆشەویستی شاری سنە دەكەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی هاتووە، لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك بدات.

لە پێكدادانەكە شەوی ڕابردوو 11 كەس مردوون و چوار كەسیش بریندار بوونە كە لە نێوان تانكەرێكی نەوت و پاسێك رووی داوە. تانكەرە نەوتەكە لە پشتەوە خۆی بە پاسەكە داداوە و لەگەڵ ئەم رووداوەش تەقینەوەیەكی گەورە رووی داوە و پاسەكە بە تەواوی بووەتە ئاگر و سووتاوە.



وشە - رامیار جەواد