چین بە پڕۆژەی مارشاڵ و حەریر دنیا داگیر دەكات

:: PM:01:51:11/07/2018 ‌


چین دەیەوێت لە رێی پڕۆژەی مارشاڵ و بە پێدانی 20 ملیار دۆلار بە قەرز بە وڵاتانی عەرەبی، پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا جێگیر بكات. چاودێرانیش دەڵێن چین لە رێی ئابوورییەوە ململانێی ئەمەریكا دەكات و خۆی لە ململانێی سەربازی بە دوور دەگرێت.

هەوڵەكانی چین بۆ جێگیركردنی پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەكە دەستی پێ كردووە و هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە، دوای ئەوەی پڕۆژەی رێی حەریری راگەیاند كە چین بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا دەبەستێتەوە تا دەگات بە بەریتانیا، ئەمجارە لە رێی پڕۆژەی مارشاڵ بە پێدانی قەرز بە وڵاتانی عەرەبی بە بڕی 20 ملیار دۆلار، پێگەی خۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بكات.

دەستپێكی پڕۆژەكە
پڕۆژەی مارشاڵ، هەموو ئاماژەكان دەیگێڕنەوە بۆ سەرەتای مانگی ئاب/ ئۆگستس كاتێك چین یەكەم بنكەی سەربازی خۆی لە وڵاتی جیبۆتی ڕاگەیاند، پێش كردنەوەی بنكە سەربازییەكە چین ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلاری بە قەرز بە جیبۆتی دا ، ئەو وڵاتە هەژارەی كە رەنگە نەتوانێت قەرزەكە بداتەوە.

چین دەیەوێت لە رێی پێدانی قەرزی زەبەلاح كاریگەری لەسەر بڕیاری وڵاتە هەژارەكان دابنێت بە تایبەت وڵاتێكی وەك جیبۆتی، پێشتریش بەهەمانشێوە بڕە پارەیەكی زەبەلاحی بە قەرز بە سریلانكا دابوو كە ئەو وڵاتە دواتر نەیتوانی قەرزەكە بداتەوە، بەمەش ساڵی رابردوو سریلانكا ناچار بوو لە زۆرینەی دەسەڵاتەكانی لە هامبانتونا بۆ چین سازش بكات.

جیبۆتی، یەكێكە لە وڵاتانی عەرەبی لە كیشوەری ئەفریقا، پێگەیەكی ستراتیجی هەیە و دەكەوێتە سەر سنووری باكوری رۆژئاوای زەریای هیندی، كردنەوەی بنكە سەربازییە چینییەكە لەو وڵاتە ترسی خستووەتە دڵی هیندستان و ژاپۆنیش، بەمەش ئەو وڵاتە بووەتە هاوپەیمانێكی سەربازی چین، هاوشانی بەنگلادش و میانمار و سریلانكا، كە وڵاتانێكی هاوسنووری هیندستانن.

جیبۆتی دەكەوێتە سەر خوارووی دەریای سوور و سەرەتای چوونە ناوەوەیە بۆ دەریاكە بە ئاراستەی كەناڵی سوێس لە میسڕ، جگە لە بنكەیەكی سەربازی چینی، ئەوا بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكی و فڕەنسی و ژاپۆنیش لەو وڵاتە جێگیر كراون.

چین پلانی مارشاڵ رادەگەیەنێت
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، شی جینبینگ سەرۆكی چینی میلی هەوڵەكانی وڵاتەكەی پەرە پێ دا بۆ فراوانتركردنی هەژموونی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، كە بەشێك لە هەوڵەكان كردنەوەی یەكەمین بنكەی سەربازی بوو لە جیبۆتی كە ئەندامی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبییە.

دوێنێ سێشەم 10ی تەمووز، كۆنگرەی لووتكەی هەشتەمی دیداری ها‌وئاهەنگی چینی- عەرەبی لە پەكین بەڕێوە چوو، كە ئەحمەد ئەبولغیت سەرۆكی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، شێخ سەباح ئەلحمەد جابر ئەلسەباح میری كوێت، عادل جەبیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە و وەزیرانی وڵاتانی تری عەرەبی ئامادەی بوون.

سەرۆكی چین لە گوتاری كردنەوەی دیدارەكە پڕۆژەی مارشاڵی راگەیاند كە خۆی لە پێدانی 20 ملیار دۆلار بە قەرز بە وڵاتانی عەرەبی دەبینێتەوە.

شی جینبینگ قەرزەكانی روون كردەوە كە بۆ پڕۆژەكانی رەخسانی هەلی كار و دووبارە ئاوەدانكردنەوە دەبێت، بەمەش كاریگەری و لێكەوتەی كۆمەڵایەتی باشی دەبێت لەناو وڵاتانی عەرەبی لە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری.

چاودێران پێیان وایە ئەو نزیكبوونەوە كلاسیكییەی نێوان وڵاتانی عەرەبی و چین، كاریگەری لەسەر نزیكبوونەوەی ئەمەریكا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا جیاوازن، چونكە ئەمەریكا دەستوەردانی سەربازی پێش پڕۆژە ئابوورییەكان خستووە، هەرچی چینە كار لەسەر فراوانكردنی پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان دەكات و دەیەوێت پاشەكشەی بەریتانیا و فڕەنسا لە ناوچەكە بقۆزێتەوە، تەنانەت دەیەوێت شوێن پێ بە ئەمەریكا هەڵگرێت لە رێی ئابوورییەوە بە تایبەت لە وڵاتە هەژارەكان كە پێویستیان بە كۆمەكی دارایی و پڕۆژەی بچووك هەیە.

كۆنگرەكە لە كۆشكی گەل لە پەكین بەڕێوە چوو، سەرۆكی چین ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكەی جگە لەم قەرزە، ئامادەیە قەرزێكی تریش بە وڵاتانی عەرەبی بدات بە بڕی 150 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی سەقامگیركردنی دۆخی تەناهی لەو وڵاتانە.

هەر لە كۆنگرەكەدا شی جینبینگ باسی لە پڕۆژەی حەریر كرد كە وڵاتەكەی بڕی ترلیۆنێك دۆلاری بۆ تەرخان كردووە لە پێناو زیندووكردنەوەی رێی حەریری كۆن كە چین بە رووسیا، لەوێشەوە بە ئەوروپا تا دەگاتە بەریتانیا دەبەستێتەوە، لەملایەشەوە بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەبەستێتەوە لە رێی هێڵی شەمەندەفەری كە كەلوپەل و بەرهەمە چینییەكان بە زووترین كات و كەمترین تێچوو دەگەیەنێت بە هەموو دنیا.

سەرۆكی چین ئاماژەی بە پێوەندیی مێژوویی وڵاتەكەی و وڵاتانی عەرەبی كرد و ئاماژەی بەوە دا ئەگەرچی دووری نێوانمان زۆرە، بەڵام هەمیشە بازرگانی لە نێوانماندا هەبووە، وەك ئاماژەیەك بۆ رێی حەریری كۆن.

دیداری هاوئاهەنگی چینی - عەرەبی، بۆ یەكەمجار لە 2004 بە دەستپێخەری چین بۆ كۆمكاری عەرەبی لە سەردەمی هو جینتاو سەرۆك ئەوكاتی چین كاتێك سەردانی كۆمكاری عەرەبی كرد لە قاهیرە، هەر ئەوكات بڕیار لەسەر دامەزراندنی دیداری هاوئاهەنگی چینی عەرەبی درا.

دیدارەكە هەموو دووساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت، كار لەسەر چوار تەوەری سەرەكی دەكات، سیاسەت، نێودەوڵەتی، ئابووری و رۆشنبیری، لەو كاتەی دیدارەكە دامەزراوە، پێوەندی چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەرەوپێشوەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەت لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی.

چاوەڕوان دەكرێت لەم خولەی ئەمجارە، سێ بەڵگەنامەی گرنگ واژوو بكرێت كە تا خولی داهاتوو 2020 كاری لەسەر بكرێت، یەكێك لەوانە پڕۆژەی رێی حەریر دەبێت.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی چین ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا كە كۆمەكی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە وڵاتانی عەرەبی بكات و بە دنیای ببەستێتەوە، لە رێی پڕۆژەی حەریر كە ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەفریقا و زەریای هێمن و دەریای ناوەڕاست بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

لای خۆیەوە شێخ سەباح میری كوێت ئاماژەی بەوە دا كە هاوئاهەنگی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی كار لەسەر گۆڕینەوە بیروڕا دەكات لەسەر پرسە سیاسییەكان و هاوئاهەنگی لەسەر پرسەكانی تر و تەنگژەكان دێنە پێشەوە، بە مەبەستی سەپاندنی سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

میری كوێت لە كۆنگرەكەدا، ئاماژەی بەوە دا لەبارەی وڵاتانی عەرەبی كێشەی فەڵەستین پێشەنگی كێشەكانە و دەبێت چارەسەر بكرێت، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستە هەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە هەڵنەگرتووە كە نیو سەدەیە بەردەوامە.

جگە لە فەلەستین ئەوا دۆخی سووریا و لیبیا و سۆماڵ و یەمەن تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە، گوتی "ئەوە وادەكات داوا لە دۆستانمان بكەین لە چین كە كار بەیەكەوە بیكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی بووەتەوە، بەو پێیەی وڵاتێكە سەنگ و كاریگەری نێودەوڵەتی هەیە".

پڕۆژەی رێی حەریر
لە 14ی ئایار/ مایۆی ساڵی رابردوو لە پەكین، پڕۆژەی رێی حەریر لەلایەن چی جینبینگ راگەیەنرا، ئەگەرچی دەستپێشخەرییەكە ساڵی 2013 راگەیەنرابوو، بودجەی ترلیۆنێك دۆلاری بۆ تەرخان كراوە و چین ساڵانە 150 ملیار دۆلاری تێدا خەرج دەكات لەو 68 وڵاتەی رەزامەندییان لەسەر پڕۆژەكە داوە.

رێی حەریر دابەشی سەر دوو بەشی سەرەكی دەبێتەوە، یەكەمیان پشتێنەی رێی حەریری ئابووری وشكانی، دووەمیان رێی حەریری ئاوییە، بە تەواوكردنی پڕۆژەكە چین لە رێی شەمەندەەفەر لە وشكانی و كەشتی لە ئاوی دەبەستێتەوە بە وڵاتانی ئۆراسیا.

لووتكەی راگەیاندنی پڕۆژكە، بە بەشداری زۆرترین سەركردەی وڵاتانی دنیا بەڕێوە چوو، وانگ چیاوتاو جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی گەشەپێدان و چاكسازی نیشتمانی چینی دەڵێ ئامانج لە پڕۆژەكە كە پارەیەكی زەبەلاحی تێدەچێت، بنیادنانی هێڵێكی بەیەك گەیاندنی وڵاتانە كە هێڵێكی زۆر بەهێز بێت و سیستەمێكی نێودەوڵەتی زۆر دادگەرانە و هاوسەنگ بێت.

پڕۆژەكە لە شەش رێی سەرەكی پێكدێت، ئەوانیش پردی وشكانی ئۆراسیای نوێ كە رۆژئاوای چین بە رۆژئاوای رووسیا دەبەستێتەوە. رێی چین- مەنگۆلیا- رووسیا كە باكوری چین بە رۆژهەڵاتی رووسیا دەبەستێتەوە. رێی چین- ئاسیای ناوەڕاست- ئاسیای رۆژئاوا كە باشووری چین بە توركیا دەبەستێتەوە. رێی چین- نیمچە دوورگەی هیندستان، باشووری چین بە سەنگاپوورە دەبەستێتەوە. رێی چین – پاكستان، باشووری رۆژئاوای چین بە پاكستان دەبەستێتەوە. رێی بەنگلادش- چین- هیندستان- میانمار، باشووری چین بە هیندستان دەبەستێتەوە. رێی حەریر لە كەناراوەكانی چین لە رێی سەنگاپوورە و هیند بە ئاراستەی دەریای سپی ناوەڕاست دەڕوات.

پێوەند بە رێی حەریر، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێكدا دەڵێ زیادەی بەرهەمیهێنان لە چین، یەكێك لە گەورەترین هۆكارەكانی دروستكردنەوەی رێی حەریرە، چونكە چین ساڵانە ملیارێك و 100 ملیۆن پۆڵا بەرهەم دەهێنێت، كە دەكاتە كۆی بەرهەمی پۆڵای هەموو وڵاتانی دنیا، كەچی چین تەنیا 800 ملیۆن تۆنی لێ بەكار دەهێنێت و پێویست دەكات 300 تۆنی لێ هەناردە بكات، كە 30 ملیۆن تۆنی تەنیا بۆ ئەوروپا دەچێت.

سەرچاوە/ بی بی سی + ئەلوەتەن + جەزیرە + عەرەب



وشە - فه‌رمان سادق