بەوێنە.. منداڵانی ئامێدی شەیدای پایسكلن

:: PM:02:32:11/07/2018 ‌
بەشێكی زۆری منداڵ و مێرمنداڵانی كوردستان بەگشتی و سنووری شارۆكەی ئامێدی پایسكل لێدەخۆرن، ئەم لێخورینەی پایسكل كاریگەری خراپ لەسەر منداڵان هەیە، هەروەها بەشێكی زۆری ئەو منداڵانە دەبنە هۆكارێك بۆ جەنجاڵی شەقامەكان و بێزاری شوفێر و بازاڕ و ماڵان.

نەشوان عەبدوڵا منداڵێكی تەمەن 10 ساڵانەی شارەدیێ شێلادزێ سەر بە شارۆكەی ئامێدییە بە "وشە"ـی راگەیاند، لێخورینی پایسكل لەلای بووەتە رۆژانە و چەندان سەركێشی و كاری هونەری بە پایسكل دەكات.

ئەو منداڵە گوتی، سەرەتای لێخورینی پایسكل زۆر ئەستەم بوو و چەندان جار كەوتوومە و بریندار بووم، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی خەڵكە ئەوەیە كە پایسكلەكان ئەوەند زۆر بوونە بوونەتە هۆكارێك بۆ بێزاری خەڵك و بازاڕ و شوفێران.

ئیبراهیم عەلی مێرمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵانەی سنووری شارۆكەی ئامێدییە و بەپێی قسەی ئەو، 80% منداڵ و مێرمنداڵانی سنووری شارۆكەی ئامێدی پایسكل  لێدەخۆرن. ئەو بۆ "وشە"  گوتی، بەبۆنەی دەرچوونم لە قوتابخانە باوكم پایسكلی بۆ كڕیم و منیش رۆژانە تا درەنگانی شەو پایسكل  لێدەخۆرم و لێخورینی پایسكل ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە و چەندان جار ئێمە كەوتووین و بریندار بووینە.

شینوار شیمال باوكی یەكێك لەو منداڵانەیە كە پایسكل لێدەخۆرێت بە "وشە"ی راگەیاند، سێ منداڵم هەیە و یەكێكیان كچە و پایسكلم  بۆ هەمووان كڕیوە و منداڵەكانم زیاتر لە هەر شتێك رۆژانە خەریكی لێخۆرینی پایسكلن.

ئەو باوكە گوتی، ئامۆژگاریم من بۆ منداڵان ئەوەیە لەسەر شەقام و ناو كۆڵان پایسكل لێنەخوڕن، بەڵكو لەبەردەم ماڵ و ناو حەوشە و باخچەی خۆیان پایسكل  لێخوڕن بۆ ئەوەی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ نەبن و بێزاری بۆ خەڵك دروست نەكەن، بەڵام بەدڵنیایییەوە دەڵێم بەهۆی نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ لێخۆرینی پایسكل، ئەوا بەشی هەرە زۆری منداڵان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان و ناو كۆڵانی ماڵان پایسكل  لێدەخوڕن كە ئەمەش كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر خودی منداڵان و خەڵك دروست دەكات.

عەبدوڕەزاق عومەر خاوەن دووكانێكی فرۆشتنی پایسكلە لە سنووری شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی سێ ساڵە ئەوان خەریكی فرۆشتنی پایسكلن لە سنووری شارۆكەی ئامێدی و لە وەرزی هاویندا بازاڕی فرۆشتنی پایسكل جمەی دێت.

ئەو پایسكلفرۆشە گوتی، لێخۆرینی پایسكل شتێكی ئاسایی و نۆرماڵە و لە هەموو دنیا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی تایبەت بو لێخوڕینی پایسكل كێشەی زۆر بۆ منداڵان دروست دەبێت، هەروەها لەلای ئێمە كڕینی پایسكل  بووەتە مودێڵ و هەر كە منداڵێك لە قوتابخانە دەرچوو، بەبۆنەی دەرچوونییەوە لەلایەن باوكیانەوە پایسكلیان بۆ دەكڕێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری

















وشە - رامیار جەواد