توركمان بڕوای بە ژماردنی دەستی دەنگەكان لە كەركووك نییە
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی دووپات لەسەر گومانەكانیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كەركووك دەكات و دەڵێت، "بڕوایان بە هەژماری دەستی لە كەركووك نییە".
ئایدن مەعرووف ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی بە "وشە"ی گوت، ڕاستە هەژماری دەستی دەنگەكان بۆ چەند سندووقێكی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركووك تەواو بووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە گومانەكان لەسەر ئەو ساختەكارییانەی كراوە بڕەوێنێتەوە.
زیاتر گوتی، بەرەی توركمانی داوای كردووە كە تەواوی سندووقەكانی دەنگدان لەو پارێزگایە بەدەست هەژمار بكرێتەوە و لایەنەكانی دڵنیا بكرێنەوە لە ئەنجامی ڕاستی هەڵبژاردنەكان.
ئایدن مەعرووف لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، ساختەكارییەكەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە كەركووك ئەوەندە زۆرە و دیارە بە ئاسانی گومانی لایەنەكانی لەسەر لا ناچێت.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە 12ی ئایار بەڕێوە چوو، گومانی زۆری ساختەكاری لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسیی بەدوادا هات بەتایبەت لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. ئێستە كە دەنگەكان بە دەست هەژمار كراوە، لایەنە سیاسییەكان بڕوایان بە ئەنجامەكانی نییە و ئەنجامەكانیش هیچی لە هاوكێشە و ژمارەی كورسییەكانی شارەكە نەگۆڕی.
وشە -
سهرخێڵ هاشم