دەسپاكی: داوا كراوە شەفافییەتی نێودەوڵەتی حیسابێكی جیاواز بۆ هەرێم بكات

:: PM:03:32:11/07/2018 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تەمووز/ یۆلیۆ، دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.

ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵە نووسراوەتەوە و لە ژمارەیەك سێكتەر پێكدێت، ئەمڕۆ دووەمین سێكتەر كە حكوومەتە خۆجێییەكان بوو گفتوگۆی لەسەر كرا. ستراتیجەكە هەوڵ دەدات بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و هێنانە ئارای شەفافییەت لە دامەزراوەكانی كوردستان.

د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی گوت، هەوڵ دەدەین پلانی ستراتیجی روونمان هەبێت بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی، كە هەشت سێكتەر لە خۆی دەگرێت و سەرەتاش لە حكوومەتە خۆجێییەكانەوە دەست پێ دەكەین.

دووپاتی كردەوە كە دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە ستراتیجێكی تایبەت بە رێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ڕِوونی كردەوە كە شەفافییەت و چالاكی كارگێڕی بەشێكە لە ستراتیجەكە و ئێستە هەڵاوسان لە كارگێڕی هەیە، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەكەین، بۆ ئەوەی حكوومەتە خۆجێیەكان یان وەك خۆیان دەسەڵاتیان هەبێت و سەربەخۆیی كارگێڕی و دارایییان هەبێت یان دەبێت شێوازێكی تر لە بەڕێوەبردن دیاری بكرێت.


"هەوڵی زۆرمان داوە لەگەڵ رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی حیسابێكی جیاواز بۆ هەرێم بكەن لە ڕووی گەندەڵییەوە، بەڵام نەكراوە، بێگومان گەندەڵی قەدەر نییە نەتوانرێت هەرێمی كوردستانی لێ بپارێزین، بەڵكو پێویستی بەپلانێكی باش و گشتگیر و ئیرادەیەكی بەهێز هەیە". سەرۆكی دەستەی دەستپاكی وای گوت.

ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە كردار بكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

پێشتر دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لەسەر سێكتەری میدیا لەناو ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كاری كردووە و "وشە" وەك یەكێك لە ڕاگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ستراتیجەكەدا كار دەكات.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم