حكوومەت 20 ملیار قەرزاری بانكی ناوەندی عێراقە

:: PM:03:54:11/07/2018 ‌

بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای كرد، قەرزە كۆبووەكان كە لەلایەن حكوومەتی عێراقن بڕەكەی گەیشتووەتە 20 تریلیۆن دینار كە دەكاتە 20 ملیار دۆلاری ئەمەریكی.

ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق، لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەم لێدوانی "عەلی عەلاق" پارێزگای بانكی ناوەندی عێراقی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بۆچوونی بانكی ناوەندی پشت دەبەستێ بە گرنگیدان بە كەرتی ئابووری و دارایی و دراوی نەختینە، بۆیە پێویستە بە باشترین شێوە قەرزەكان بەكار بهێنرێن، وەك هەوڵێك بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكان، بەهۆی كەمی هەناردەی نەوت و نرخەكەی، بۆیە بانكی ناوەندی بە شێوەیەكی ورد قەرزی بە حكوومەت و بانكەكان داوە، ئەو قەرزەیشی كە لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقدایە بڕەكەی دەگاتە 20 تریلیۆن دیناری عێراقی.

زیاتر گوتی، بەمشێوەیە دەمانەوێ بەشدار بین لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی دارایی و دراوی نەختینە و كەرتی بانكی لە وڵات، بۆیە پێویستە گرنگی زۆرتر بە قەبارەی سیولە لە بانكی ناوەندی بدەین، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین پارەكان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گرەنتی داهاتووی دراوی نەختینەی وڵات بكرێت.

لەبارەی قەرزە دەرەكییەكانیش كە عێراق دەبێ بیداتەوە عەلاق گوتی، بە قیست دەیاندەینەوە، قیستەكانیان كەمن و گرفتێكی ئەوتۆ دروست ناكەن، زۆرینەیشیان تا ئێستە بە تەواوی نەدراونەتەوە، بۆ ئەمەیش هیچ كێشەیەكمان نییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د