ڕێكخراوی جیهانی پێشمەرگە لەسەر چەند ڕێسایەك ڕادەهێنێت

:: PM:04:21:11/07/2018 ‌
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، رێكخراوێكی جیهانی ژمارەیەك ڕێسایی هێناوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە پێوەی پابەند بن بەهۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە جەنگاوەرن و بكوژ نین

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تەمووز/ یۆلیۆ، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێكخراوی جنێڤ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، ڕێكخراوەكە پرۆتۆكۆڵی لەگەڵمان كردووە بۆ كردنەوەی خول لەكاتی شەڕدا و پاراستنی هاووڵاتییان و هێزەكان دەخرێتە چوارچێوەی كۆمەڵێك ڕێسا كە لە وڵاتانی دنیا جێبەجێ‌ دەكرێ‌ و رێساكانیش تایبەتە بە مافی مرۆڤ.

زیاتر گوتی، هەموو هێزەكانی هەرێمی كوردستان پابەندی رێساكان دەبن و هێزەكانی پێشمەرگە جەنگاوەرن و بكوژ نین، بۆیە دەبێ‌ پابەندی چەند ڕێسایەكی تایبەتی جیهانی بن.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد لەسەر سووتانی كۆگاكانی چەك لیژنەكان كاروبارەكانیان بەردەوامە، بۆیە تا ئەنجامەكان دەرنەچن ناتوانن قسەی لەسەر بكەن.

جەبار یاوەر دووپاتی لەوە كردەوە كە ژمارەیەك چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم جێبەجێ‌ دەكرێ و ژمارەیەك پڕۆژەیش بۆ ئەوە هەیە.

لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركووك، بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لەوبارەیەوە نییە و داواكاری وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێكردنی كاری هاوبەشە لە نێوان هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم