تێكڕای سەندیكا و ڕێكخراوەكانی كوردستان ماوەی یاساییان بەسەر چووە

بەشێكی زۆری سەندیكا و ڕێكخراو و دەستە و ئەنجوومەنی پارێزگاكان، وادەی یاسایییان تەواو بووە لە هەرێمی كوردستان و پێویستیان بە بەستنی كۆنگرە هەیە، بەڵام تا ئێستە هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ بەستنی كۆنگرە و نوێكردنەوەی ستافەكان، سەرۆكی یەكێك لەو سەندیكایانە دەڵێت، لە ڕووی سیاسییەوە ناكۆكی هەبووە.

لە كوردستان دەیان رێكخراو و سەندیكا هەن كە هێشتا نەبوون بە دامەزراوەی پیشەیی خۆبژێو، بۆیە زۆرینەیان پشت بە حكوومەت دەبەستن لە پارەداركرندا. ئەوەیش لە چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی تەنگژەی دارایی كێشەی تێكەوت.
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە چەندان هۆكار هەبوون بۆ نەبەستنی كۆنگرەی مامۆستایان لەوانە هۆكاری سیاسی و ئابووری و تەناهی. گەرمیانی بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر ڕاستەوخۆ ئێمە كۆنگرە ببەستین، بێگومان پێویستی بە لایەنی ئابووریی زۆر دەبێت و دەبێت حكوومەت دابینی بكات، بۆیە ئەنجامدانی قورسە، هەروەها لە ڕابردووشدا بەهۆی شەڕی داعش، دۆخی تەناهیی ناوچەكە تەواو نەبوو، بۆیە كۆنگرە نەكرا.

"ناكۆكییە سیاسییەكان لە دوو ساڵی ڕابردوو كە زۆر زەق بوون، وایكرد سەندیكای مامۆستایان كە خاوەنی 72 هەزار ئەندامە نەتوانێت كۆنگرە ببەستێت، بەڵام ئەگەر هەیە لە كۆتایی ئەمساڵ بچینە كۆنگرەوە" گەرمیانی ئەمەی وەك هۆكارێكی تری دواخستنی كۆنگرە راگەیاند.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەندیكایەكی تایبەت بە مامۆستایانە، بەڵام ئەندامبوون تێیدا بۆ مامۆستا ئارەزوومەندانەیە.

ئازاد ئەكرەم كوورەچی سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ "وشە"ـی ڕای گەیاند، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كاتی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەن لە ڕۆژی دەستبەكاربوونیان تا چوار ساڵە.

بۆیە بەگوتەی كوورەچی "بەگوێرەی یاسا ڕۆژی 23ی حوزەیرانی رابردوو، كۆتا ڕۆژی كاری ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ئەنجوومەن و ئەندامانی بۆیان هەیە بۆ ماوەی سێمانگ بەردەوام بن لە كارەكانیان، ئەگەر هەڵبژاردن نەكرابوو".

ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستاندایە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرا، ئەوا هەڵدەستێت بە درێژكردنەوەی ماوەی كارەكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تا كەلێن دروست نەبێت لە رووی یاساییەوە.
ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان خۆیشی ماوەیی یاسایی تەواو بووە و بە دەنگدان تەمەنی خۆی بۆ وەرزێكی یاسادانان درێژ كردووەتەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدەنی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە"ـی ئەوەی خستە ڕوو كە پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و خەڵكی دەنگیان داوە بۆ چوار ساڵ نەك زیاتر.

هەڵەدەنی ئاماژەی دا، "چەندان كۆمسیۆن و ڕێكخراو و یەكێتییەكانی تایبەت بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران و مامۆستایان وادەی یاسایییان كۆتای هاتووە، پێویستە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، چونكە درێژكردنەوەی وادەی سەندیكا و ڕێكخراوەكانیش لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستان نییە، بەڵكو پێویستە خۆیان بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆ كاری خۆیان بەڕێ‌ بكەن".

لە بەرانبەردا ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران، ئاشكرای كرد كە سەندیكای پارێزەران هیچ كێشەیەكی ئابووری نییە و خاوەنی چەندان ملیار دینارە، بەڵام كۆدەنگییەك هەیە لە سەندیكا گوایە كۆنگرە نەكرێت، نازانرێت بۆ؟.

كاكەیی بۆ "وشە" گوتی، ئێمە یەكەمین سەندیكا بووین لە دوای شەڕی ناوخۆ یەكمان گرتەوە، هیچ كێشەیەكی سیاسی و ئابووریشمان نییە، بە دەیان ملیار دینارمان هەیە لەلایەنی سیاسیش هیچ كێشەمان نییە، هەروەها بەرپرسانی ناو سەندیكا كۆمەڵێك ئیمتیاز و مووچەی بەرزیان هەیە.

"لە یەكی تشرینی یەكەم، واتا ڕۆژێك دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ وادەی بەستنی كۆنگرەی سەندیكای پارێزەران دیاری كراوە، بەڵام ئەمەش ئەگەرێكی لاوازە" كاكەیی وای گوت، بەڵام هۆكاری ئەو ناڕوونییەی كۆنگرەكەی ئاشكرا نەكرد.
سەندیكای پارێزەرانی كوردستان خاوەنی 10 هەزار ئەندامە و بڕێكی بەرچاو پارە لە پارێزەران وەردەگرێ لە كاتی پێدانی مۆڵەتی پیشەیی و نوێكردنەوەی كارتی ساڵانەدا.

بەڵام زمناكۆ عەلی مامۆستای كۆلێژی یاسا لە هەولێر، رای دەگەیەنێت كە "بە تێكڕای 28 سەندیكا و ئەنجوومەن و ڕێكخراوی پیشەیی كە ئێستە لە هەرێمی كوردستان كاران، وادەی یاسایییان تەواو بووە و پێویستیان بە كۆنگرەیە".

زمناكۆ بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر پێڕەوی ناوخۆ بەهەمواری دادوەرێك و دوو یاریدەدەر تێنەپەڕێت، ئەوا هیچ سەندیكایەك ناتوانێت وادەكەی خۆی درێژ بكاتەوە، هەروەها لە كاتی درێژكردنەوەی تەمەنیان، هەر لایەنێك ناڕازی بێت و داوای كۆنگرە بكات، پێویستی بە دادگا دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی بڕیارەكە.



وشە - رامیار جەواد


PM:05:44:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 177 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌