دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دزەكردنی 60 ئۆتۆمبێلی چەكدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو عێراق، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەركردە لە هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا لەو بارەوە دەڵێت، ئەو كارە یەكەمجار نییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی رێكخراوەكە خۆی بۆ هێرشی گەورە ئامادە كردووە.
ئەسیل نوجێفی كە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لادراوە و فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە دەڵێت، ماوەیەكە چاودێریمان كردووە كە كەتیبەیەكی داعش سەربازگەیەكی لەناو خاكی سووریا لە نزیك سنوورەكانی عێراق هەیە و لەوێوە بەرەو ناو خاكی عێراق دزە دەكەن، بەتایبەتی بۆ ناوچەكانی بەعاج و بادییە و حەزەڕ بەرەو باشووری مووسڵ.
زیاتر گوتی، دوو مانگە چەكدارانی داعش چەند كردەیەكی جیاوازیان ئەنجام داوە وەك رفاندنی هاووڵاتییان و كوشتنیان و هێرشكردنە سەر هەندێك لە گوندەكان، بەڵام لەو ساتەوە هیچ رێوشوێنێك لەلایەن دەسەڵاتدارانی تەناهی وەرنەگیراوە.
نوجێفی ئاماژەی كرد، ئەو زانیارییانەی لەبارەی هاتنی ئۆتۆمبێلەكانی داعش بۆ ناو سنوورەكانی عێراق راستن و ئەوەیش یەكەمجار نییە و بەر لە چەند مانگێك و بەچەند ئۆتۆمبێلێك هاتنە ناوەوە، بەڵام ئێستە هاتنیان بۆ ناو سنوورەكانی عێراق زیاتر كردووە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی سەربازی ئاماژەی كرد كە هێزەكانی عێراق كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلكارییەكی تەناهی لە بەرانبەر هاتنەژوورەوەی 60 ئۆتۆمبێلی چەكدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاكی عێراق.
ئاژانسی "ئەنادۆڵو"ی توركیا لە نەقیب سەعد مەرسوومی، لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوای گواستەوە كە ئەو 60 ئۆتۆمبێلەی داعش لە نزیك شارۆكەی بەعاج دزەیان كردووە و ئەوان چەكی وایان پێیە ئاماژە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورەی تیرۆریستی دەكەن.