یەک ملیۆن و 500هەزار کەس توانای کڕینی خواردنی رۆژانەیان نییە

:: PM:06:32:11/07/2018 ‌
جێگری وەزیری خۆشگوزەرانی ئێران ئاشکرای دەکات، لە ئێراندا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی تەنانەت توانای دابینکردنی خواردنی رۆژانەیشیان نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تەمووز/یۆلیۆ ئەحمەد مەیدەمی، جێگری وەزیری خۆشگوزەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکێدا لەگەڵ "فارسنیوز" ئاژانسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە، رای گەیاند، زیاد لە ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتی توانای کڕینی خواردنی رۆژانەیان نییە و زیاتر لە سەتا 33ی دانیشتوانی ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و دەرمان و پەروەردەیان نییە.

مەیدەمی نایشارێتەوە، رێژەی هەژاری لە ئێران بە ئاستێکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و سەرباری ئەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ئەمساڵدا رایگەیاند سەتا چواری دانیشتوانی ئێران لە هەژاری رەهادا دەژین بو توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە، بەڵام جێگری وەزیری خۆشگوزەرانی ئەو وڵاتە ئەو ئامارە بە زیاد دەزانێت و دەڵێ برێژەکە نزیک بە سەتا دووە.

هەرچەند ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ بۆ پێوانەکردنی ئاستی هەژاری لە ئێران تەنیا ئاماری ناوەندی پارێزگاکانیان وەرگرتووە و هیچ سەرژمێرییەک لە شارۆکە و شارەدێیەکاندا بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەدراوە، هاوکات بەپێی ئاماری رێکخراوە جیهانییەکان لەماوەی هەشت مانگی رابردوودا رێژەی هەژاری لە ئێران بە خێراییەکی یەکجار زۆر گەشەی کردووە.

سەرچاوە/دویچەوێلە



وشە - هیدایه‌ت جان