هێزەكانی شیعە دەست لە كاروباری سوننە وەردەدەن

:: PM:06:37:11/07/2018 ‌

هەموو پێكهاتەكانی عێراق خەریكی خۆرێكخستنەوە و دیاریكردنی سەركردە و كاندیدانیانن بۆ پۆستە باڵاكانی حكوومەتی نوێ، بەڵام ئەندامێكی هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی ئاماژە دەكات كە ڤیتۆیەكی شیعەكان رێگرە لە وەرگرتنی خەمیس خەنجەر بۆ هەر پۆستێك لە حكوومەتی نوێدا.

لە ماوەی رابردوو ناوماڵی سوننە جموجۆڵێكی چڕی بەخۆیەوە بینی بۆ پێكهێنانی فراكسۆنێكی گەورەی سوننە لەناو پەرلەمان و دیاریكردنی سەركردەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە سیاسی و باڵاكانی لە حكوومەتی نوێی عێراقدا، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك نەیانتوانیوە خۆیان یەكلا بكەنەوە.

رۆژنامەی "مەدا"ی عێراق لەو بارەوە لە كامل دلێمی، كاندیدی دۆڕاوی لیستی وەتەنییە دەگوازێتەوە كە هێزە سوننەكان ئاماژەی ناراستەوخۆیان لە پێكهاتەی شیعە پێ گەیشتووە كە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین خەمیس خەنجەر، گەورە بازرگان و سەرمایەداری عێراق و خاوەنی پڕۆژەی بڕیاری عێراق، هیچ پێگە و پۆستێكی لە حكوومەتی نوێ پێ بدرێت و ئەوەیش بەو هۆیەی ئەوان لەوە دەترسن لەبەرانبەر جەماوەرەكەیان كە خەنجەر كەسایەتییەكی خوازراو نییە، شەڕمەزار نەبن.

خەمیس خەنجەر كە بە ئەندازیاری پێكهێنانی لیستی عێراقییە دادەنرێت كە لە 2010 بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی هاتە پێكهاتن، لەو هەڵبژاردنەی دوایی بە لیستی هاوپەیمانی قەرار بەشداری كرد و 12 كورسی بەدەست هێناوە.

دلێمی زیاتر گوتی، هەریەك لە هاوپەیمانی بڕیار و یەكێتی هێزە نیشتیمانییەكان و سلیم جبووری و فەلاح زێدان لە هاوپەیمانی وەتەنییە لەگەڵ ژمارەیەك سەرانی تری سوننە لە بەغدا كۆبوونەتەوە و گەیشتووەنتە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی گەورە بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر كە چاوەڕوان دەكرێت دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بێتە راگەیاندن.

ئەمڕۆ لەیس دلێمی، گوتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی هێزەكانی عێراقی (سوننە) رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكە تیمێكی دانوستانكاری لەگەڵ پێكهاتەكانی تر پێك هێناوە لە هەریەكە لە محەمەد ئیقبال و محەمەد كەربوولی و قوتەیبە جبووری و فەلاح زێدان بۆ گفتوگۆردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.  

سەرچاوە/ بەغداد تودەی 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل