توركیا هەڕەشەكانی ئەمەریكا لەبارەی كڕینی "ئێس 400" پشتگوێ دەخات

:: PM:07:10:11/07/2018 ‌

مەولوود چاوەیشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە گفتوگۆكردن لەبارەی كڕینی توركیا بۆ سیستەمی دژەمووشەكی "ئێس400"ی رووسیایی بێ سوودە و بڕیارە لە كۆتایی ساڵی داهاتوو ئەنكەرە یەكەم وەجبەی ئەو سیستەمەی رادەست بكرێت.

چاوەیشئۆغڵۆ لە میانی لێدوانێكی بۆ رۆژنامەوانان لە بڕووكسڵ لە بەلجیكا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە وڵاتەكەی لە پرسیاری بەشێك لە هاوبەشانی لەناو هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) تێ دەگات لەبارەی لایەنی تەكنیكی سیستەمەكە و ئاستی گونجانی لەگەڵ سیستەمەكانی ناتۆدا.

دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی زۆر پێویستی بەو سیستەمە هەیە و نەیتوانی لە هاوبەشانی لەناو ناتۆ دابینی بكات، بۆیە رووی لە رووسیا كرد و توركیایش دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و خۆی بڕیار لەسەر كاروباری خۆی دەدات.

مانگی رابردوو ئەمەریكا هەڕەشەكانی بۆ توركیا نوێ كردەوە بەسەپاندنی سزا بەسەری ئەگەر سیستەمی مووشەكی دژەئاسمانی پێشكەوتووی رووسیایی (ئێس-400) بكڕێت، جیا لە گۆڕانی شێوەی پێوەندییەكانیان.

پرسی كڕینی چەكی پێشكەوتووی رووسیایی لەلایەن توركیا كە ئەندامێكی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسییە بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا، بۆ ئەمەریكا پرسێكی هەستیارە كە توركیا لە بەرانبەر پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ كورد لە سووریا و پێدانی چەكی پێشكەوتوو لەلایەن ئەمەریكا وەك یەكێك لە كارتەكان بەكاری دێنێت، بێجگە لە چاوپۆشینی ئەمەریكا بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو سووریا.  

ویس میچڵ، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا لەو بارەوە گوتی، لە چەندان پێوەندی لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی توركیا بەروونی قسەمان كردووە كە بەپێی یاسای نەهێشتنی دوژمنانی ئەمەریكا سزادان هەیە و ئەو كاتەیش كە زانیمان گرێبەستەكە كراوە، سزاكان دەسەپێنین و ئەنجامی دەدەین. 

شایەنی باسە نوێنەرانی رووسیا و توركیا لە كانوونی یەكەمی 2017 رێككەوتننێكیان واژوو كرد بۆ كڕینی سیستەمی مووشەكی (ئێس-400)، كە لەلایەن ئەمەریكا و بەرپرسانی هاوپەیمانی ناتۆ رەخنەی زۆری لێ گیرا.

سەرچاوە/ ئەنادۆڵو



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل