سعوودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەسەر ئێران تۆمار کرد

:: PM:07:27:11/07/2018 ‌
سعوودیە ناڕەزایەتییەکانی لە بەزاندنی سنوورە ئاوییەکانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گەیاندە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رای دەگەیەنێت تاران رێکكەوتنی پاراستنی سنوورەکانی پێشێل کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تەمووز/یۆلیۆ ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی سعوودیە "SPA" رای گەیاند، ریاز بەهۆی هاتنە ناوەوەی کەشتییە ئێرانییەکان بۆ سنووری ئاوی ئەو وڵاتە و نزیکبوونەوەیان لەو بەندەرانەی نەوتی لێ هەناردە دەکەن، سکاڵای لەسەر تاران تۆمار کردووە.

ریاز داوای لە بەرپرسانی تاران کردوەوە پابەندی رێکكەوتنامەی 24ی ئۆکتۆبەری 1968 بن کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بە مەبەستی رێزگرتن لە سنوورە ئاوییەکانیان واژوو کراوە.

عەبدوڵا معەلمی، نوێنەری هەمیشەیی سعوودیە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ماڵپەڕی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندووە، سەرباری ناردنی سکاڵانامە بۆ کۆماری ئیسلامی و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەشتییە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام سنوورە ئاوییەکانی سعوودیایان بەزاندووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ریاز رێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر و لەمەودوا هەر رووداوێک لەو پێوەندییەدا روو بدات، کۆماری ئیسلامی ئێران لێی بەرپرسیار دەبێت.

پێشتر چەندان جار سعوودیە ئاماژەی بەوە داوە کۆماری ئیسلامی ئێران سنوورە ئاوییەکانی لە کەنداو بەزاندووە، بەڵام ئەوە یەکەمجارە بە سێوەیەکی فەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لەسەر تاران تۆمار دەکات.

سەرچاوە/ دویچەوێلە

 



وشە - هیدایه‌ت جان