بوشرا لە ڕۆژئاوا شەهید كرا و پەكەكە تەرمەكەی لە باوكی دەشارنەوە
بوشرا تۆفیق ئەو كچە گەریلا هەورامییە بوو كە دوو مانگ لەمەوبەر بەهۆی بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان برینداربوو و دوای ماوەیەك شەهید بوو، بەڵام پەكەكە هەواڵی شەهید بوونی لە ماڵباتی بوشرا دەشارنەوە.
ڕەزوان عارف، پوورزای بوشرا بۆ "وشە" گوتی، سێ مانگ بەر لە ئێستە بوشرا پێوەندی بە باوكییەوە كردووە و هەواڵی برینداربوونی خۆی و چوار هاوڕێی پێداوە، دوای ئەو پێوەندییە ئیتر بوشرا پێوەندی نەكردووەتەوە و هیچ هەواڵێكی نەبوو، تا دوێنی چەند كەسێكی سەر بە پەكەكە هاتوون بە كەسوكارەكەیان ڕاگەیاندووە كە دوومانگە كچەكەیان شەهید بووە .
ڕەزوان دەڵێت، ئەو چەند كەسەی سەر بە پەكەكە هاتبوون ڕێوڕەسمێك بۆ شەهید بوشرا ساز بكەن، بەڵام لەلایەن باوكی بوشراوە ڕەت كرایەوە و ماڵباتەكەی نیگەرانی خۆیان بە پەكەكە راگەیاندووە بەهۆی ئەوەی دوو مانگە كچەكە شەهید بووە و ئەوان بێدەنگ بوون.
"چەند كەسەكەی پەكەكە بە باوكی بوشرایان گوتوە ئەوانیش نازانن تەرمەكەی لە كوێیە و ئاگاداری شوێنی گۆڕەكەیشی نین" پورزاكەی بوشرا وا دەڵێت.
بوشرا تۆفیق دانیشتووی شارەدێی خورماڵە، تەمەنی 16 ساڵ بوو چوار ساڵ پێش ئێستە لەگەڵ كەسێكی تر ڕۆیشتووە بۆ ناو پەكەكە و دواتر نێردراوەتەوە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو كاتەی شەهید بووە تەمەنی لە نێوان 19 بـۆ 20 ساڵ بوو.
هاوكات لە ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی "وشە" ڕاپۆرتێك بڵاو كرایەوە كە تیایدا ئاشكرا كرابوو پەكەكە دەستی كردووەتەوە بە ڕفاندنی منداڵ و ڕاهێنانی سەربازیان پێ دەكات.
خورماڵ/ شەفیق بانیشاری
وشە -
سهرخێڵ هاشم