دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێشنیاز بۆ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەكات بۆ زیادكردنی خەرجییەكانی سەربازیان بۆ 4% لە كۆی داهاتی ناوخۆیی، لەبەرانبەردا ئەندامانی ناتۆ رەخنەیان لەو پێشنیازە گرت.
سارە ساندرز، گوتەبێژی كۆشكی سپی رای گەیاند، ترەمپ لە وتەیەكی لەبەردەم لووتكەی هاوپەیمانی ناتۆ لە بڕووكسڵ ئەمڕۆ چوارشەم پێشنیازی زیادكردنی پابەندییەكانی ئەندامانی ناتۆی كرد لە رێگەی زیادكردنی خەرجییەكانی تەرخانكراو بۆ كەرتی بەرگری لە 2%وە بۆ 4% لە كۆی داهاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە.
زیاتر گوتی، پارساڵ ترەمپ هەمان شتی لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانیەتییەكە ورووژاندووە و بەوەیش دەیەوێت هاوبەشانمان بەشێكی زیاتری بارگرانییەكە لەئەستۆر بگرن و وەك رایان گەیاندووە پابەندی ئەركەكانی خۆیان بن.
لە چەند هەفتەی رابردوودا ترەمپ چەند جارێك دووبارەی كردەوە بەوەی پێویستە وڵاتانی ئەوروپا خەرجییەكانی بەرگریان زیاد بكەن، بەڵام ئەوەی تا ئێستە خراوەتە روو رێزگرتنی وڵاتانە بە بەڵێندان بە تەرخانكردنی 2%ی داهاتی ناوخۆییان بۆ كەرتی بەرگری تا 2024، نەوەك زیادكردنی بۆ 4% كە زیاترە لە بوجەی تەرخانكراوی واشنتن كە دەكاتە 3.5%.
سەرۆكایەتیی فڕەنسا لەو بارەوە گوتی، ئەو هەڵوێستەی ترەمپ كۆنە و لە زۆرێك لە وتارەكانی گوێبیستی دەبن، لەو كاتەی جان ئەسیلبۆرن وەزیری دەرەوەی لۆكسمبۆرگ گوتی، هەموو سەرانی ناتۆ دانیان بەوەدا نا كە پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت، بەڵام پێشنیازەكەی ترەمپیان بە بێهوودە بینی.