عێراق ڕێی وشكانی بۆ گه‌یشتنه‌ لبنان و ته‌واوكردنی هیلالی شیعه‌ دروست ده‌كات

:: AM:08:36:12/07/2018 ‌
وەزیری پلاندانان و بازرگانی عێراق لەگەڵ باڵوێزی لبنان لە عێراق تاوتوێی دروستكردنی ڕێی وشكانی لە نێوان عێراق و لبنان لە سووریاوە دەكەن، ئەمەیش لەلایەن ئێرانەوە پرۆژەیەكی ستراتیجییە و دەیەوێ لە ڕێی عێراق و سووریا و لبنانەوە بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست.

ڕۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، كە سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان و بازرگانی بە وەكالەت لەگەڵ عەلی دیب باڵوێزی لبنان لە عێراق كۆبووەتەوە و تاواتوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و دروستكردنی ڕێیەكی وشكانییان بە خاكی سووریا كردووە، تا پێوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات باشتر و بەهێزتر ببێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لیژنەی ئابووری هاوبەشی عێراق – لبنان بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپێردراون تا بە وردی كار لەسەر دروستكردنی ئەو ڕێیە وشكانییە بكەن، داوایش كراوە بە زوویی دەست بە كۆبوونەوە بكەن، دووبارە لە دەروازەی تەنەف بۆ وەلیدی سووریا و لەوێوەیش بۆ تەریبیلی لبنان ڕێی وشكایی دروست بكەن و ڕاستەوخۆ بە لبنان بگات.

وەزیرەكەی عێراق و باڵوێزی لبنان لە بەغدا لە دیدارەكەیان دووپاتیان لەسەر گرنگی بەرەوپێشەوەبردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان بەیرووت و بەغدا كردووەتەوە، بەتایبەت لە بواری كشتوكاڵ و میوەجات و گەشتیاری و كەرتی بانكی دا، سەلمان جومەیلی پێوەندییەكانی بەیرووت و لبنانی بە زۆر تایبەت و باش پێناسە كردووە و دووپاتی لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی كردووەتەوە.

ئەو هەوڵەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ دروستكردنی ڕێی وشكایی لە نێوان عێراق و لبنان بە خاكی سووریاوە لە كاتێكدایە پێشتر میدیاكانی ڕۆژئاوا و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتیان لە بوونی پرۆژەیەكی تاران كردووەتەوە، كە دەیەوێ لە ڕێی عێراقەوە بگاتە سووریا لە سووریایش دەستی بگاتە سنوورەكانی لبنان و دەریای ناوەڕاست، ئەمەیش بە تەواوكردنی پرۆژەی "هیلالی شیعە" ناو دەبرێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د