بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆكارێكی نەزانراو، بەرزایییەكانی سنووری چۆمان كە ڕێیەكە بۆ سەر سەیرانگەی فێلاوی دڵڕفێنترین شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان ئاگری گرت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، حەسەن حاتەم كە شوانكارێكی كوێستانەكانی چۆمانە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعات سێی بەرەبەیانی ئاگرێگ لە بەرزایییەكانی چۆمان دروست بووە و كەوتووەتە سەر ڕێی چوون بە هاوینەهەواری گۆمی فێلاو.
ئاماژەی دا، شوێنەكە زۆر سەختە و هەموو ئۆتۆمبێلێك ناتوانێت بۆی بچێت، بۆیە دەبێت بەدەست ئاگرەكە بكوژێنرێتەوە و هێزەكانی بەرگری شارستانیشمان ئاگادار كردووەتەوە.
هاوكات لە ئاگادارییەكی بنكەی بەرگریی شارستانی چۆمان هاتووە، لە رێكەوتی 12ـی 7 سەعات چوار و 45 خولەكی بەیانی بە فەرمانی بەڕێوبەری بەرگریی شارستانی سۆران وەك بنكەی بەرگری شارستانی چۆمان بۆ هاوكاریكردنی دەزگای مین دەرچووین بۆ گۆمی فێلاو، بەمەبەستی كوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە ناوچەكە كەوتووەتەوە.
گۆمی فێلاو دەكەوێتە سنووری چۆمان، بە دووری نزیكەی 160 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە، یەكێكە لە شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی هەرێمی كوردستان ساڵانە بەسەتان گرووپی گەشتیاری ڕووی تێدەكەن.