كڕواتیا لەگەڵ فڕەنسا گەیشتە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا


هەڵبژاردەی كڕواتیا گەیشتە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا دوای بردنەوەی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا كە شەوی رابردوو بەڕێوەچوو.

گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەلایەن كیران تریپیێری بەرگریكاری هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا لە خولەكی 5ی سەرەتای یارییەكە تۆمار كرا، گۆلی یەكسانبوونەوەی هەڵبژاردەی كڕواتیاش لە خولەكی 62ی گێمی دووەمدا لەلایەن یاریزان پیریسیچ تۆمار كرایەوە.

بەهۆی یەكسانبوونی هەردوو هەڵبژاردەكە بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لە كاتی ئاسایی یارییەكە، ناوبژیوانی توركی جونێت شاكیر بۆ یەكلاكردنەوەی ئەنجامی یارییەكە بڕیاری چوونە نێو كاتی زیادكراوی دا.

لە گێمی دووەمی زیادكراویشدا لە خولەكی 109 ماریۆ ماندزۆكیچی هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی گۆڵی دووەم و سەركەوتنی بۆ هەڵبژاردەی كڕواتیا تۆمار كرد و تیپەكەی گەیاندە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

بڕیارە هەڵبژاردەی كڕواتیا رۆژی یەكشەمی داهاتوو لە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە و بۆ بەدەستهێنانی جامی مۆندیالی 2018 رووبەڕووی هەڵبژاردەی فڕەنسا ببێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:09:08:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌