نەوت گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە ماوەی دوو ساڵدا تۆمار كرد

:: AM:09:23:12/07/2018 ‌

دوێنێ چوارشەم نرخی نەوت نزمترین ئاستی تۆمار كرد و لە شوباتی ساڵی 2016ەوە هیچ رۆژێك بە رادەی دوێنێ نرخی نەوت دانەبەزیوە. 

نرخی نەوت لە نزیكەی 79 دۆلارەوە دابەزی بۆ سەرووی 73 دۆلار و زیاتر 6% لە بەهای نەوتی هێنایە خوارەوە. لە دوایین سەعاتەكانی رۆژەكە كەمێك نەوت بەرز بووەوە .

 ئەمڕۆ پێنجشەم لە چەند سەعاتی یەكەمی بازاڕەكە نرخی نەوت كەمێك هەڵكشاوە و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 74 دۆلار و 66 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی DAILYFX  نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 74 دۆلار و 30 سەنتەوە دابەزی بۆ 70 دۆلار، ئەمڕۆیش كەمێك لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر بەرمیلێك لەم جۆرە نەوتەش بە 70 دۆلار و 84 سەنت دەفرۆشرێت.

سێ هۆكار رۆڵیان هەبووە لە دابەزینی نرخی نەوت، یەكەمیان قووڵتربوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین، دووەمیان ئەگەری چالاكبوونەوەی بەندەرەكانی لیبیا لە داهاتوویەكی نزیكدا و سێیەمیش لێدوانێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا. مایك پۆمپیۆ گوتبووی وڵاتەكەی پێداچوونەوە بە داواكاری هەندێك لەو كۆمپانیایانە دەكات كە كڕیاری نەوتی ئێرانن و دەیانەوێت ئەمەریكا رێیان پێ بدات نەوت لە ئێران بكڕن.

ئەمەریكا پێشتر رای گەیاندبوو لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە هیچ كۆمپانیایەك بۆی نییە نەوت لە ئێران بكڕێت. ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا مەترسی ئەوەی هەبوو نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە و تەنانەت 100 دۆلاریش تێپەڕێنێت. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە زیانی ئەمەریكایە، بۆیە پێ دەچێت لەو بڕیارەی پاشگەز بووبێتەوە بەو ئامانجەی رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات.

ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و ئەگەر رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكرێت، ئەوا ئاستی خستنەڕووی نەوت لە دنیادا بەرانبەر بە داخوازی دادەبەزێت و ئەمەش نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان