فڕەنسا – كڕواتیا.. یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا

:: AM:09:43:12/07/2018 ‌

هەردوو هەڵبژاردەی فڕەنسا و كڕواتیا دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەكانی بەلجیكا و ئینگلتەڕا گەیشتنە یاریی كۆتایی گەورەترین پاڵەوانیەتیی جیهان ئەویش مۆندیالی 2018ی رووسیایە.

هەردوو هەڵبژاردەی براوە رۆژی یەكشەمی داهاتوو سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی لۆژنیكی لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018 ئەنجام دەدەن.

هەڵبژاردەی فڕەنسا لە قۆناغی پێش كۆتاییدا پێرێ سێشەم بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی بەلجیكای بردبووەوە، شەوی رابردووش هەڵبژاردەی كڕواتیا هەر لەم قۆناغەی مۆندیالدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئینگلتەڕای بردبووەوە.

هەڵبژاردەی كڕواتیا لە مێژووی خۆیدا هیچ جارێك نەیتوانیوە جامی مۆندیال بەدەست بێنێ، بەڵام هەڵبژاردەی فڕەنسا 20 ساڵ بەر لە ئێستا جامی مۆندیالی 1998ی بردبووەوە كە پاڵەوانیەتییەكە لەنێو خاكی بەڕێوە چوو و لە یاریی كۆتاییدا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی بەڕازیلی بردەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م