سەرۆكی فڕەنسا و كڕواتیا و رووسیا لە یاریی كۆتایی مۆندیال ئامادە دەبن

:: AM:09:59:12/07/2018 ‌

كۆشكی ئەلیزێ ئاشكرای كرد سەرۆكی فڕەنسا ئیمانوێل ماكڕۆن رۆژی یەكشەمی داهاتوو دەگاتە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا، سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش باس لەوە دەكەن كە رەنگە لەگەڵ ماكڕۆن سەرۆكی رووسیا و كڕواتیاش لەنێو یاریگەی یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا ئامادەبن.

رۆژی یەكشەمی داهاتوو هەڵبژاردەی فڕەنسا لەنێو یاریگەی لۆژنیكی لە شاری مۆسكۆ سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان لە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018 رووبەڕووی هەڵبژاردەی كڕواتیا دەبێتەوە.

ماكڕۆن لەگەڵ خێزانەكەی لە یاریی پێش كۆتایی پاڵەوانیەتییەكەشدا پێرێ سێشەم لەنێو یاریگە ئامادەبوو كە تێیدا هەڵبژاردەی فڕەنسا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی بەلجیكای بردەوە.

دیمیتری پیسكۆف وتەبێژی كرملین نەیشاردەوە كە رەنگە هەر لە رۆژی یەكشەمدا فلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا پێش بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی مۆندیال لەگەڵ ماكڕۆن كۆببێتەوە.

بڕیاریشە پوتینی سەرۆكی رووسیا لەگەڵ سەرۆكی كڕواتیا هاوشانی ماكڕۆن لە یاریی كۆتایی مۆندیال ئامادەبن.

كۆلیندا گرابار كیتارۆفیچ سەرۆكی كڕواتیا رایگەیاندبوو كە بە دڵنیاییەوە لە یاریی كۆتایی مۆندیال ئامادە دەبێت ئەگەر هەڵبژاردەكەی وڵاتەكەی بگاتە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە.

سەرۆكی رووسیاش لە یاریی كرانەوەی مۆندیال لەنێوان هەڵبژاردەی وڵاتەكەی و سعوودییە ئامادەبوو، جەختیشی كردبووەوە كە لە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكەشدا لەنێو یاریگە ئامادە دەبێت.

جێی باسە هەڵبژاردەی فڕەنسا 20 ساڵ پێش ئێستا و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1998 جامێكی مۆندیالی بەدەستهێنابوو، ئەو كات پاڵەوانیەتییەكە هەر لەنێو خاكەكەی بەڕێوەچووبوو، بەڵام هەڵبژاردەی كڕواتیا تا ئێستا هیچ جامێكی مۆندیالی نەبردۆتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م