ڕوونكردنەوەی تەندروستی لەسەر ئاوی بوتڵە نایلۆنەكان

:: AM:10:24:12/07/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ئاوی لە بوتڵكراو (مقەتەر) بڵاو دەكاتەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە نەشیاوی خواردنەوەی ئەو جۆرە  ئاوە دەكرێت.

لە ڕوونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر هاتووە، لەبارەی نەشیاوی ئاوی خواردنەوەی لە بوتڵكراو، دوای لێكۆڵینەوەی وردمان بۆ ئەو بابەتە دەمانەوێت هاووڵاتییان دڵنیا بكەینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە.

بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی ئاشكرای كردووە، بەشی چاودێری تەندروستی سەلامەتی خۆراك و هۆبەی چاودێری ئاوی خواردنەوە بە بەردەوامی بە پێی پرۆگرامی پێشینە و لەناكاو هەڵدەستن بەسەردانیكردنی گشت سەرچاوەكان و پڕۆژە و كارگەكانی ئاو بۆ دڵنیابوونەوە

تەندروستی هەولێر ئاماژە دەدات، پشكنینی ئاو دەبێت لە گشت ڕوویەكەوە بەپێی ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بێت، ئەوەی بڵاو بووەتەوە و دەردەكەوێت ئامێرێكی بچووكی دەستییە، كە بۆ خوێندنەوەی ڕێژەی كۆمەڵەی خوێییە تواوەكان (TDS) بەكار دێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی تەندروستی هەولێر ئاشكرای كردووە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە چەندان تیمی تایبەتی گەڕۆك بە پرۆگرامی تایبەتی ڕۆژانە و تەنانەت لە ڕۆژانی پشوو جەژنەكانیش هەڵدەستن بە چاودێریكردن و وەرگرتنی نموونەی ئاو لە گشت سەرچاوە جۆراوجۆرەكان و كارگەكانی ئاوی خواردنەوە.

شێروان عەلی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەكان لە شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كاتێك پارچە ئاسنێك بخرێتە ئاو ڕێژەی سووتانی خوێ‌ وەردەگرێت و ڕەش دەبێت یان قاوەیی سوور باو دەبێت، ئەمەش مانای بوونی ڤایرۆس نییە، بەڵكو بوونی خوێیە لە ئاودا.

ئەو پسپۆڕە گوتی، چەندان جار باسی پیسبوونی ئاو دەكرێت، بەڵام كاتێك ئاو بەگوێرەی پێویست كوڵێنرا یان كلۆری تێكرا، بەگوێرەی پێویست هیچ مەترسییەكی میكرۆبی لەسەر نامێنێت، ئەمەش زانست سەلماندوویەتی.

ماوەی دوو هەفتەیە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە باس لە پیسی ئاوی لە بوتڵكراو دەكات كە نەشیاوە بۆ خواردنەوە، ئەمەش هاووڵاتییانی هەولێری نیگەران كردبوو.



وشە - رامیار جەواد