هێزەكانی عێراق جارێكی تر ڕا ده‌كه‌ن.. رەبیعە و زوماریان بۆ داعش چۆڵ كرد

:: AM:10:48:12/07/2018 ‌

بەرپرسێكی حزبی لە زومار ڕای گەیاند، هێزەكانی عێراق شارەدێی زومار و رەبیعەیان چۆڵ كردووە و تەنیا چەند ئۆتۆمبێلێكیان لە ناوچەكەدا ماوە، داعشیش لە ناوچەكە چالاكییەكانی ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە خەڵكی ناوچەكە ترسی زۆریان لێ نیشتووە و داوای فریاكەوتن دەكەن.

حەسەن خەلۆ بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زومار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تەواوی هێزەكانی عێراق لە ناوچەكانی رەبیعە و زومار كشاونەتەوە و تەنیا هێزێكی كەمیان لە ناوچەكە ماوە، كە لە چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازی و یەكەیەكی بچووكی سەربازی پێك دێ.

زیاتر گوتی، ئەو هێزانەی لە زومار و ڕەبیعە بوون سەرجەمیان بەرەو ناوچەكانی شارۆكەی بەعاجی ڕۆژئاوای مووسڵ كشاونەتەوە، چونكە مەترسی هەیە داعش لە بەعاجەوە جارێكی تر پەلاماری مووسڵ بداتەوە، بەڵام چۆڵكردنی زومار و ڕەبیعە چارەسەر نییە و كێشەكە گەورەتر دەكات و مەترسییەكان زۆرتر دەبن.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە زومار هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئێستە رەبیعە و زومار بێ هێزی سەربازین، هێزەكانی عێراق شكستیان هێناوە لە دۆسیەی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە، خەڵكی تووشی ترسێكی زۆر بوون و پێوەندی بە ئێمەوە دەكەن و داواكارن پێشمەرگە بگەڕێتەوە و پارێزگاری لە ناوچەكانیان بكات.

حەسەن خەلۆ نەیشاردەوە كە مەترسی هەیە ناوچەكە بكەوێ، چونكە داعش لە زومار و رەبیعە ماون و كۆتایییان نەهاتووە، بۆیە بۆ كورد و عەرەب و سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە ڕوون بووەتەوە، كە هێزەكانی عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیان نییە و ئەم كارە تەنیا بە پێشمەرگە دەكرێ.

ئاماژەی دا، لە ڕۆژانی ڕابردوو داعش لە گوندێكی زومار دەركەوتوون و موختارێكی و سێ ئەندامی خێزانەكەیان سەربڕیوە و لە گوندێكی تر ئۆتۆمبێلێكیان تەقاندووەتەوە، كاتێك هێزەكانی عێراق چوونەتە شوێنەكە، بۆمبیان پێ تەقییەوە و شەش سەربازی تریش بریندار بوون، بۆیە ناوچەكە بە تەواوی نائارام و ناجێگیرە.

كشانەوەی هێزەكانی عێراق لە رەبیعە و زومار لە كاتێكدایە، میدیاكان و ئەفسەرانی سوپای عێراق هێما بۆ ئەوە دەكەن، داعش بە تەواوی قورسایی خۆی لە شارۆكەی بەعاج چڕ كردووەتەوە و دەیەوێ هەمان سیناریۆی 2014 دووبارە بكاتەوە و دەست بە سەر مووسڵ بگرێتەوە.

رەبیعە و زومار دوو ناوچەی داگیركراوی كوردستانن، لە 2014 دوای هەرەسی سوپای عێراق و هاتنی داعش كەوتنە دەست تیرۆریستانەوە، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە توانرا لە تیرۆریستان پاك بكرێنەوە و بدرێتەوە دەست خەڵكی ناوچەكە و پێشمەرگەیش تەنیا لایەنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكەی دەپاراست.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د