مه‌سروور بارزانی له‌ سه‌نته‌ری ویلسۆن باس له‌ عێراقی دوای داعش ده‌كات

:: AM:10:16:07/12/2016 ‌

سبەی پێنجشەم لە سەنتەری وۆدرو ویلسۆنی نێودەوڵەتی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا، مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بابەتێك لەسەر دەسەڵاتدارییەتی و ئاسایشی عێراق دوای نەمانی داعش لە وڵاتەكە دەخاتە ڕوو.

دامەزراوەی وۆدرو ویلسۆن لە بەرنامەی كارەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەنتەری ویلسۆن لەژێر ناونیشانی "دەسەڵات و ئاسایش لە قۆناغی دوای داعش لە عێراق" تاوتوێ دەكەن.

هەروەها نووسیویەتی، دەوڵەتی داعش لە عێراق و شام لە میانەی مانەوەی لە عێراق گۆڕانكاری گەورەی بەسەر ناوچەكە هێناوە و تاوان و كارەساتی گەورەشی بەسەر خەڵكی ناوچەكە هێناوە لە كۆمەڵكوژی و ڕفاندن و كوشتن و بڕین، ئەمەش ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی لە هەموو لایەكەوە وێران كردووە و بە ملیۆنان كەس ماڵەكانیان جێ هێشتووە.

لە بەشێكی تردا ئاماژەی داوە، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دوا قۆناغەكانی ڕزگاركردنەوەی مووسڵن كە دوا پێگەی داعش دەبێ لە عێراق، پێویستە لایەنە كاراكان لە گۆڕەپانی سیاسی یەكلاكردنەوەی سیاسی نوێ بهێننە ئاراوە. لە گفتوگۆكەدا مەسروور بارزانی بۆچوون و باوەڕی هەرێمی كوردستان لەسەر بەردەوامی پرۆسەی ڕزگاری مووسڵ و داهاتووی فەرمانڕەوایی لە ناوچەكە و نەخشەی ئەمەریكا بۆ عێراق تاوتوێ دەكات.

گفتوگۆكە لەلایەن هێنری جەی. باركێی سەرۆكی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری ویلسۆن بەڕێوە دەبرێ و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پرسە دەدوێت.

ئەو گفتوگۆیە ماوەی سەعاتێك دەخایەنێ و لە 11 تا 12 سبەی نیوەڕۆ لە نهۆمی شەشەمی باڵەخانەی سەنتەری ویلسۆن ئەنجام دەدرێت.

رۆژی سێی ئەم مانگە شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، گەیشتنە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا و لەگەڵ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بەیان سامی عەبدوڕەحمان دەستیان بە گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمەریكا كرد و بڕیارە لە دیدارەكانیان بەردەوام بن و هەڵوێست و بۆچوونی حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كورد و بۆچوونی كوردیش لەبارەی عێراقی دوای نەمانی داعش بۆ ئەمەریكا بخەنە ڕوو.

سەنتەری ویلسۆن لەلایەن سمیشۆنیان وەك ڕێزێك بۆ یەكەم سەرۆكی ئەمەریكا كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بووە "وۆدرۆ ویلسۆن" 18مین سەرۆكی ئەمەریكا دامەزرێنرا، بۆ ئەوەی ببێتە پردێك لە نێوان بیریاران و سیاسەتكارە ژیرەكانی دنیا، بە ئامانجی گفتوگۆ و لێكۆڵینەوە، بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی لایەنەكان لەگەڵا یەكتر و چارەسەركردنی پرسە نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەكان. ئەو دامەزراوەیە ئێستە تەمەنی 48 ساڵە و لە ساڵی 1968 دامەزراوە وەك یەكێك لە دامەزراوە هەرە گرنگەكانی "Think Tank" لە ئەمەریكا دادەنرێ.






وشە - باز ئه‌حمه‌د