هەوڵێك بۆ لابردنی پاشەكەوتی مووچە ئاشكرا دەبێت

وەزیرێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد" كاریان كردووە بۆ ئەوەی پاشەكەوتی مووچە بە تەواوەتی لاببرێت و هەوڵەكانیش بەردەوامن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆكەی چەمچەماڵ ڕای گەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ باشتركردنی مووچە و بەردەوامیشین بۆ ئەوەی پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت.

وەزیری تەندروستی گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازی و هەوڵی تەواوەتی خستووەتەڕوو، بۆ ئەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی نەمێنێت و فەرمانبەران مووچەی تەواوەتی وەربگرن.

ئاماژەی دا، بەشێك لە مووچەخۆران ڕێژەی %90 و هەیشە ڕێژەی %100 ـی مووچەكانیان وەردەگرن، بۆیە هەوڵی رژد هەیە كە هەموو فەرمانبەران مووچەی تەواوەتی وەربگرن لە داهاتوودا و كێشەی مووچە نەمێنێت.

چاككردنی مووچە و لابردنی پاشەكەوت تەنیا بۆ وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵكو بۆ تەواوەتی مووچەخۆرانە و هیوادارین كێشەی مووچە لە ئایندەیەكی نزیك نەمێنێت. وەزیری تەندروستی وای گوت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی ڕابردوو بە بڕیارێك پاشەكەوتی خستەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییەی حكوومەتی عێراق خستیەسەر هەرێمی كوردستان و مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕی.

لە سەرەتای ساڵی 2018 حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دا و ڕێژەی پاشەكەوتی كەم كردەوە. 

بڕیارە بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی، تەواوی پاشەكەوتی مووچە هەڵبگیرێت، بەڵام پەرلەمان و حكوومەتی كوردستان بە بیانووی جیا جیا، تا ئێستە پرۆژە یاساكەیان نەبردووەتەوە ناو پەرلەمان تا دەنگی لەسەر بدرێ و پەسند بكرێ و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.



وشە - رامیار جەواد


AM:11:05:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 1878 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌