ونبووانی جیهان پڕۆژە پێشكەشی هەڵەبجەیییەكان دەكەن

:: AM:11:19:12/07/2018 ‌
بڕیارە ڕێكخراوی ونبووانی جیهان پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی پزیشكی دادوەری لە هەڵەبجە ئەنجام دەدات، لە چوارچێوەی ئەو سێ پڕۆژەیەی بڕیارە لە كوردستان جێبەجێی بكەن.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ ڕێكخراوی ونبووانی جیهان "ICMP" هەیە، پاش هاتنی شاندی ئەمجارەیان بۆ هەڵەبجە سەردانی نەخۆشخانەی پزیشكی دادوەری هەڵەبجەیان كرد و بڕیاریان دا، نەخۆشخانەكە نۆژەن بكەنەوە و پێویستییەكانی دابین بكەن، هاوكات مەشقی پزیشكی و زانستیش بە كارمەندانی نەخۆشخانەكە دەكەن.

زیاتر گوتی، شاندەكە بە بەرپرسانی نەخۆشخانەكەیان ڕاگەیاند، دەرخستەیەك لە كۆی پێویستییەكان و كێشەكانی نەخۆشخانەكە ئامادە بكەن، لە ڕووی باڵەخانە و پێداویستی پزیشكییەوە، تا ئەوان تەواوی كەموكوڕی و كێشەكان بخەنە ئەستۆی خۆیان.

ڕوونی كردەوە، كە ڕێكخراوی ونبووانی جیهانی بڕیارە سێ پڕۆژە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، یەكێكیان لە شنگال و ئەوەی تر لە گەرمیان، سێیەم پڕۆژەیش لە هەڵەبجە دەبێ، نەخۆشخانەی پزیشكی دادوەری لە ڕووی توانای مرۆیی و باڵەخانە و پێداویستییەوە بەرەوپێشەوە دەبرێ و نۆژەن دەكرێتەوە.

ڕێكخراوی ونبووانی جیهان، یانی لێژنەی باڵای نێودەوڵەتی بۆ كاروباری ونبووان، لەلایەن گرووپی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییەكە لە 1996 لە شاری لیونی فڕەنسا دامەزرێنرا، بە ئامانجی هاریكاریكردن و چارەسەری كێشەی ونبووانی 1991 تا 1995 لە وڵاتانی بۆسنە و هرسك و كڕواتیا، سڕبیا و مۆنتیگرۆ، دواتر وەك ڕێكخراوی جیهانی بەردەوامی هەبوو و تا ئێستەیش لە كارەكانی بەردەوامە.

هەڵەبجە/ شەفیق بانیشاری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د