سبەی 29 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی دكتۆر قاسملوودا تێدەپەڕێت

:: AM:11:29:12/07/2018 ‌

سبەی هەینی 13ی تەمووزی 2018 ساڵڕۆژی تیرۆركردنی دكتۆر قاسملوو سكرتێری گشتیی ئەوكاتی حزبی دیموكراتی كورستانی ئێرانە و 29 ساڵ بەسەر ئەم تیرۆرەدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای ئەوەی كە بكەرانی ناسراون، بەڵام هیچ كەسێك بەهۆیەوە سزا نەدراوە.

دكتۆر قاسملوو لەگەڵ هەریەك لە عەبدوڵا قادری ئازەری نوێنەری ئەوكاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ئەوروپا و دكتۆر فازڵ رەسووڵ كەسایەتی سیاسیی باشووری كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی دانوستانكاری لەگەڵ چەند نوێنەرێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە جلكی دیپلۆماسیدا بەشدارییان كردبوو. لە میانەی كۆبوونەوەكەدا بەناو دیپلۆماتكارەكان لە ناكاو رووی راستەقینەی خۆیان نیشان دەدەن و تەقە لە قاسملوو و هاوڕێیانی دەكەن.

دكتۆر قاسملوو پێی وابوو چارەسەری پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە رێی سەربازی ناكرێت و هەر دەبێت بە دانوستان و بە پشتبەستن بە گفتوگۆی ئاشتییانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بۆیە هانای بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی برد.

ئەو پێشتریش بە هاوكاری كەسانی تر و بە ناوبژیوانی كەسایەتی كورد و ئێرانی گفتوگۆ و دانیشتنی جیاوازی بۆ هەمان مەبەست ئەنجام دابوو، بەڵام لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەفێڵ بوون و هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان بە گفتوگۆ نەبووە و ویستوویانە خۆیان وا دەربخەن كە بەڕاستی دەیانەوێت بە گفتوگۆ لەگەڵ رێبەرانی حدكا پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان چارەسەر دەكەن، بەڵام لە ژێرەوە پیلانی تیرۆریان داڕشتووە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران كەسایەتی دكتۆر قاسملووی بە تەواوی دەناسی و دەیزانی لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان هەرگیز ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، بۆیە رێی تیرۆریان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بە نەهێشتنی رێبەرێكی بەتوانا بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لاواز بكەن.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە تیرۆرەكە لە وڵاتێكی دیموكراتیكی ئەوروپا ئەنجام درا و یەكێك بوو لە ئارامترین ناوچەكانی ئەوروپا و دوای ئەوەی كە لە كۆبوونەوەكەدا تیرۆریستان تەقە لە شاندی كوردی دەكەن و شەهیدیان دەكەن، یەكسەر رادەكەن.

دەگوترێت لەوكاتەدا هێرش كراوەتە سەر شاندەكە، دكتۆر قاسملووش خێرا دەستی بۆ دەمانچەكەی بردووە و تەقەی لە تیرۆریستەكان كردووەتەوە  و توانیویەتی لە ملی یەكێكیان بدات، بەڵام دواتر دەستڕێژی تری فیشەكی لێ كراوە و شەهید بووە و تیرۆریستەكانیش لە كاتێكدا یەكێكیان بریندار بووە، هەڵاتوون.

دوای ئەم رووداوە پۆلیسی نەمسا دەتوانێت تیرۆریستەكە بە جلكی بەخوێنەوە بگرێت، بەڵام خێرا كۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە سەر خەت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەمسا دەكەوێتە دانوستان و گفتوگۆ بۆ ئەوەی رووداوەكە سەرپۆش بكەن . 

دوو بۆچوون هەن كە باس لە رێككەوتنی ژێربەژێری حكوومەتی نەمسا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، یەكەمیان ئەوەیە ئێران دۆسیەكەی لە نەمسا بە پارەیەكی زۆر كڕییەوە و بە مەرجی سەرپۆشكردنی ئەو رووداوە تیرۆریستییە و رادەستكردنی تیرۆریستەكە بە ئێران كۆمەڵێك ئیمتیازی ئابووری و بازرگانی و پارەیەكی زۆری داوەتە نەمسا.

بۆچوونی تریش لەمبارەیەوە هەیە و بە گوتەی نەسرین قاسملوو هاوسەری دكتۆر قاسملوو، حكوومەتی ئێران هەڕەشەی لە دەوڵەتی نەمسا كردووە ئەگەر تیرۆریستەكەیان رادەست نەكاتەوە، ئەوا كۆمەڵێك نهێنییان هەیە كە بۆ خەڵكی دنیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكەن.

لە سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێران حكوومەتی نەمسا بێلایەنی خۆی لەو جەنگە راگەیاندبوو، بەڵام بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەردەستی ئێراندا بوون نەمسا چەكی بە هەردوو لایەنی جەنگ فرۆشتبوو، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بوو، بۆیە نەمسا رادەستی داواكارییەكەی ئێران بوو و تیرۆریستەكەی هەر بە جلكی خوێناوییەوە رادەستی ئێران كرد.

سەرەڕای بەڵگە حاشاھەڵنەگرەكانی كاتی تیرۆرە كە دەوڵەتی نەمسا ڕێی بە پۆلیس و دەزگای دادی خۆی نەدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان بە ئەنجام بگەیەنن، بۆیە دوای تێپەڕبوونی 29 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی دكتۆر  قاسملوو، هێشتا بكوژانی سزا نەدراون .

جێی باسە كۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بە تیرۆری دكتۆر قاسملوو وازی نەهێنا، بەڵكو سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی 1992 دكتۆر سادق شەرەفكەندی سكرتێری گشتیی ئەو كاتی حدكا و هاوڕێیانی لە بەرلینی ئەڵمانیا تیرۆر كرد. جیاوازی تیرۆرەكەی ئەڵمانیا لەوەدابوو كە دادگای میكۆنۆسی ئەڵمانیا سەربەخۆیانە لێكۆڵینەوەی كرد و دوای چەند ساڵ لێكۆڵینەوە تاوانبارانی ئاشكرا كرد و روون بووەوە رێبەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت تیرۆرەكە بوون. ئەوكات سەرجەمیان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە شەرمەزار كران و بۆ هەموو دنیا دەركەوت كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چ شێوەیەك دەیەوێت دەنگی ئازادی و دیموكراسی كپ بكات.





وشە - سلێمان تاشان