قایمقامیەتی هەولێر بڕیارێك لەبارەی شێوازی گواستنەوەی بەرهەمەكانی شیر و خواردنەوە گازییەكان دەردەكات و دووپات لەوە دەكاتەوە گواستنەوەی ئەو خواردنەوانە بە لۆری سزای لێ دەكەوێتەوە و دەستی بەسەردا دەگیرێ.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەپێی نووسراوێكی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر كراوە، بڕیاری داوە گواستنەوەی بەرهەمەكانی شیر و ئاو و بەرهەمە گازییەكان بە بارهەڵگر بەهەموو شێوەیەك ڕێی لێ بگیرێت.
لە بەشێكی نووسراوەكەدا هاتووە، پێویستە بەرهەمی بەروبوومی ئاژەڵی و خواردەمەنی و شیرییەكان و هێلكە و ماست و پەنیر، بە ئۆتۆمبێلی ساردكەرەوە بگوزارێتەوە و خواردنەوە و خواردنەوە گازییەكان بە ئۆتۆمبێلی داپۆشراو بگوازرێتەوە.
لە كۆتایی نووسراوەكە ئاماژە دراوە، ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێك پێیەوە پابەند نەبوو، ئەوا دەستی بەسەردا بگرن و بۆ قایمقامیەتی هەولێری بنێرن بەمەبەستی ڕێكاری یاسایی.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، ماوەی چەند هەفتەیەكە نەخۆشیی سكچوون و تێكچوونی تەندروستی هاووڵاتییان زیادی كردووە و لە ڕابردووش چەندان جار هۆشداری داوە لە داپۆشینی كەلوپەلی شیری و شیرنەمەنی.
ئەمڕۆ تەندروستی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر تێكچوونی ئاوی لە بوتڵكراو بڵاو كردەوە و ئاشكرای كرد، هیچ مەترسییەك لەسەر ئاوی لە بوتڵكراو نییە و هاووڵاتییان دەتوانن بەكاری بهێنن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان بەركەوتنی تیشكی خۆری هاوین بە كەلوپەلە خواردەمەنییەكان دەبێتە هۆی تێكچوونی خواردەمەنییەكان، بەوهۆیەوە مرۆڤ دوای خواردنی تووشی نەخۆشی دەبێت و زیانمەند دەبێت.