دوای دەست پێكردنی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە شاری هەولێر بە چاودێری ژمارەیەك دادوەر كە دادگای فیدڕاڵی عێراق دیاری كردووە، ئەمڕۆ چوار حزبە ناڕازییەكە بایكۆتی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەولێریشیان كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پرۆسەی بە دەست جیاكردنەوەی دەنگەكانیان كرد و هۆڵی جیاكردنەوەی دەنگەكانیان جێ هێشت.
بڕیاریشە ئەو چوار حزبە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر هۆكاری بایكۆتكردنیان ئاشكرا بكەن و هەڵوێستی كۆتای خۆیان ڕابگەیەنن لەسەر پرۆسەی جیاكردنەوەكە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لەكاتی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە شاری سلێمانی، ئەو حزبانە بایكۆتی پرۆسەی جیاكردنەوەكەیان كرد، هەروەها نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد كە پرۆسەكە بەبێ كێشە بەڕێوە دەچێت.
بەگواستنەوەی سندووقەكانی دەنگدان لە كۆگای سایلۆی هەولێر بۆ یەكێك لە هۆڵەكان كە دوێنێ ئەنجام درا، ئەمڕۆ پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە هەولێر دەستی پێ كرد كە 214 سندووق بوون.
دوای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، یاساكە دەسەڵاتی دادوەری ڕاسپارد، دادوەران وەك ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و بەرپرسی نووسینگەكانی كۆمسیۆن دابمەزرێنێ و دەست بە پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بكرێ.
دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری ژماردنەوەی سەرجەم دەنگەكانی بە دەست ڕەت كردەوە و كۆمسیۆنی ڕاسپارد تا تەنیا ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە و گومانیان لێ دەكرێ بە دەست بێنە ژماردنەوە و ماوەی هەفتەیەكیشە پرۆسەكە دەستی پێ كردووە.
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ ئەنجام درا، لە كۆی زیاتر لە 22 ملیۆن دەنگدەر تەنیا 11 ملیۆن كەس بەشدارییان كرد و سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن كە بۆ یەكەمجار بوو لە عێراق كاری پێ كرا، گرفتی زۆری دروست كرد و متمانەی نێوان لایەنەكانی بە تەواوی لەناو برد.