عێراق ناوێرێ سزای ئێران بدا

:: PM:12:30:12/07/2018 ‌
لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەواڵی ڕاگرتنی پێدانی ڤیزای عێراق بە هاووڵاتییانی ئێران بڵاو بووەوە، لە بەرانبەر گرتنەوەی ئەو ڕووبارانەی دەڕژێنە عێراق و پچڕاندنی كارەبای چەند شارێك، بەڵام وەزارەتی دەرەوە ڕەتی دەكاتەوە و بەغدا ناوێرێ هیچ هەنگاوێك دژی وشككردن و تاریككردنی وڵاتەكە بگرێتەبەر.

پەیجەكانی عێراق لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە شەوی ڕابردووەوە بە چڕی هەواڵی وەستاندنی پێدانی ڤیزای عێراقی بە هاووڵاتییانی ئێرانی دەكەن، ئەمەیش وەك هەنگاوێك دژی ڕێگریكردنی تاران لە هاتنی ئاوی ئەو ڕووبارانەی سەرچاوەكانیان لە خاكی ئێرانە و دەڕژێنە ناو عێراقەوە و پچڕاندنی كارەبای چەند شارێكی عێراق لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

چالاكان گرتنەبەری ئەو هەنگاوە بە كاریگەر وێنا دەكەن و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمە وا دەكات ئێران بە بڕیارەكانیدا بچێتەوە و چیتر كارەبا لەسەر عێراق نەبڕێ و وڵات بەرەو وشكبوون هەنگاو نەنێ و كشتوكاڵی لەناو نەچێ و دانیشتووانی بەسڕەیش تەنیا ئاوی سوێریان بۆ نەیەت، كە ئێستە دژی نەبوونی ئاو و كارەبا دەستیان داوەتە خۆپێشاندان.

لە بەرانبەر ئەو زانیارییانە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، هەواڵی وەستاندنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی ئێرانی هیچ ڕاستییەكی نییە و عێراق بەردەوامە لە پێدانی ڤیزا بە ئێرانییەكان كە زۆرینەیان بە مەبەستی سەردانی مەزارگە پیرۆزەكانی شیعە لە كەربەلا و نەجەف.

ئەحمەد مەحجووب گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوەكە ئاماژەی داوە، وەزارەتی دەرەوە بڕیاری وەستاندنی ڤیزای بە هاووڵاتییانی هەموو وڵاتێك بۆ ماوەی دوو ڕۆژ داوە‌، ئەمەیش بە هۆی گرتنەبەری سیستەمێكی ئەلیكترۆنی بۆ پێدانی ڤیزا، بۆیە ئەو زانیارییانەی باس لە ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بە ئێرانییەكان دەكەن، هیچ بنەمایەكی نییە، لەمڕۆوەیش پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەموو وڵاتێك دەست پێ دەكات و هیچ كێشەیەك لەو بابەتە بوونی نییە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بە ئێرانییەكان، لە ڕووی سیاسییەوە عێراقییەكانی دڵخۆش كردووە، بەوەی دەسەڵاتی وڵاتەكەیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لەسەر سزادانی خەڵكی عێراق و گرتنەوەی ئاو و پچڕاندنی كارەبا دێتە دەنگ، بەڵام وەزارەتی دەرەوە هەرزوو ئەو هیوایەیانی پووچەڵ كردەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د