هەڤاڵ ئەبووبەكر بە مۆڵەتی بەنزینخانەیەك ئاوی سلێمانی پیس دەكات

بەبێ‌ ڕەزامەندیی تەواوی داودەزگا پێوەندیدارەكانی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی مۆڵەت بە دروسنكردنی بەنزینخانەیەك دەدات لە گەڕەكی سەرچنار، بەوەیش مەترسیی بۆ ئاوی خواردنەوەی سلێمانی دروست دەكات. لە بەرانبەردا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە رای دەگەیەنێت كە مۆڵەتەكە هەڵدەوەشێننەوە.

لە نووسراوێكی ڕەسمیدا كە ژمارە (1378)ی ڕۆژی 5ی 2ی 2018ی لەسەرە و هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی واژۆی كردووە، تیایدا هاتووە، "پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرجەم فەرمانگە پێوەندارەكان و پشتبەست بە هەموو بەڵگەنامە یاساییەكان، مۆڵەت بۆ دروستكردنی وێستگەی سووتەمەنی (تاڤگەی سلێمانی) دەركرا". بەڵام سەرۆكی ئەنجومەن و ئەندامان و فەرمانگەی ئاوی ژێر زەوی دەڵێن تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكان ڕەزامەندیان دەرنەبڕیوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنیش دەڵێ "پارێزگار بە تەكلیفی بەرپرسێكی گۆڕان ئەو مۆڵەتەی دەركردووە".

ئازاد محەمەدئەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، مۆڵەت بە دروستكردنی ئەو بەنزینخانەیە دراوە، بەڵام مۆڵەتەكە كێشەی هەیە و كۆی داودەزگاكانی تەواو نەكردووە، بۆیە فەرمانگەی ئاوی ژێرزەوی ئاگادار كراوەتەوە لێكۆڵینەوەی تەواوی خۆی بكات.

ئاماژەی بەوەیش دا، "بچووكترین كاری نایاسایی تێدا بێت ئەو مۆڵەتە، ئێمە ڕەتی دەكەینەوە، دەسەڵاتی ڕەتكردنەوەیمان هەیە وەك ئەنجوومەن، بۆیە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانین".

سەبارەت بە چۆنییەتی پێدانی مۆڵەتەكە لە كاتێكدا ڕەزامەندی سەرجەم لایەنە پێوەندارەكان وەرنەگیراوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، "بێگومان كاتێك پارێزگار مۆڵەت دەدات دەبێت ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە پێوەندارەكان وەرگیرابێت و تەواوی ڕێكارە یاساییەكان گیرابنە بەر".

ئەو شوێنەی بەنزینخانەی تاڤگەی سەرچناری لێ‌ دروست دەكرێت دەكەوێتە 70 مەتر نزیك سەرچاوەی ئاوی سەرەكیی سەرچنار كە ئاوی خواردنەوەی پێویست بۆ بەشێكی زۆر لە گەڕەكەكان سلێمانی دابین دەكات.

عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە بەشێویەكی فەرمی لە دروستكردنی ئەو بەنزینخانەیە ئاگادار نەكراوینەتەوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە شوێنی بەنزینخانەكە دروست نییە و ئاومژەو تێكەڵی ئاوی سەرچنار دەبێت، بەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوەكە.

بەڵام كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەویی سلێمانی بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، نووسراو هاتووە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و تا ئێستەیش بەڕێوەبەرایەتییەكە مۆڵەتی دروستكردنی بەنزینخانەكەی نەداوە، بەڵام خاوەنی بەنزینخانەكە پێی گوتوون ئەگەر بێت و مۆڵەت نەدەن دەچێت لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە مۆڵەت وەردەگرێ.

ئەو كارمەندەی ئاوی ژێرزەویی سلێمانی گوتی، "لەژێر ئەو ئاستەی زەوییەكەدا كە بەنزینخانەكەی لێ‌ دروست دەكرێت سێ درزی گەورە هەیە بۆ هەڵقووڵانی سەرچاوەی ئاوی سەرچنار و دروستكردنی ئەو بەنزینخانەیە مەترسیی تێكەڵبوونی بەنزین و پێكهاتەكانی بە سەرچاوەی ئاوەكە و ژەهراویبوونی ئاوەكەی هەیە".

سەرەڕای ئەو گومانانە و نەبوونی ڕەزامەندی تەواوی دروستكردن، ئێستە بەنزینخانەكە لە كاردایە و بەشێكی كارەكانی جێبەجێ‌ كردووە. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ "بەرپرسێكی گۆڕان لە پشت وەرگرتنی مۆڵەتی ئەو بەنزینخانەیەوەیە".

ڕێكەوت زەكی ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پەڕەی تاییەتیی خۆی لە فەیسبووك، ئاشكرای كردووە ئەو بەنزینخانە نایاساییە و دەشبێتە هۆی مەترسیی گەورە لەسەر ئاوی سەرچنار.

بەگوتەی ئەو، "مۆڵەتەكە پارێزگار دەری كردووە بە تەكلیفی بەرپرسێكی گۆڕان بووە، چونكە پێشتر پارێزگار بە ئێمەی گوت مۆڵەتی بەنزینخانەی ڕاگرتووە، كەچی بینیمان ئەو مۆڵەتەی دەركردووە".

وشە/ سلێمانی- تایبەت



وشە - تایبه‌ت


PM:01:37:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌