یەكگرتوو: یەكێتی نیوەی دەنگەكانی سلێمانی دزیوە

:: PM:02:59:12/07/2018 ‌
هەژماری دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هەولێر بەردەوامە و بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش ڕای گەیاند، نیوەی دەنگەكانی سنووری سلێمانی هی یەكێتی نییە و دزراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، حاجی كاروان ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەژماری دەستی دەنگەكان لە هەولێر هیچ گۆڕانكارییەك ناكات و لە سلێمانیش هەژماری دەستی دەنگەكان گوماناوی بوون.

حاجی كاروان گوتی، پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكانی لە سلێمانی، لەسەر ئەو سندووقەكانی هەژمار كراوە، دەردەكەوێت كە نیوەی دەنگەكانی سنووری سلێمانی هی یەكێتی نییە و دزراوە.

حاجی كاروان كە سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی بوو لە هەولێر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی خۆی لەوە ڕاگەیاند، كە پرۆسەی هەژماری دەنگەكان تەنیا بۆ چەند سەت سندووقێك دەكرێت كە ڕەنگە ئەو سندووقانە گۆڕانكاری تێدا كرابێ یان شوێنیان گۆڕابن.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری ڕابردوو ئەنجام درا، بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی عێراق ناڕازیبوون لەسەر ئەنجامەكەی، دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا كە دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە بەتایبەت ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە، بەڵام هێشتا ناڕەزایی حزبەكان بەو پرۆسەیە نەڕەویوەتەوە.

دوای دەركەوتنی ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردن، گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و یەكێتییان بە هاككردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی دەنگدان تۆمەتبار كرد و دووپاتیان لەوە كردەوە، بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕازی نابن، چونكە لە سلێمانی یاری بە ئەنجامەكان كراوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم