وەزیری دارایی كاتی پێدانی مووچەیەكی ڕاگەیاند

وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاتی پێدانی مووچەی كەمئەندامان ڕادەگەیەنێت و بۆ مانگێكی تر مووچەكانیان دەهێنێتە پێش.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، سامان حوسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ وەزیری دارایی پێش نیوەڕۆ پێوەندی پێوە كردم و ئاشكرای كردووە كە لەگەڵ مووچەی وەزارەتی پەروەردە مووچەی كەمئەندامانیش دەدرێت.

سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان ئاماژەی داوە، لەم مانگەوە وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندووین كە ناویان لە یەكەمین لیستی مووچە دەبێت بۆ دابەشكردنی مووچە و بەهیچ شێوەیەك مووچەی كەمئەندامان دوا ناكەوێت و لەكاتی خۆی دەدرێت.

ئەو ڕاگەیەنراوەی سامان حوسێن لە كاتێكدایە دوێنێ‌ بەهۆی ناڕەزایەتییان لە پێنەدانی مووچە ژمارەیەك لە كەمئەندامانی شاری سلێمانی كورسی و كەلوپەلەكانیان سووتاند لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان.

سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەواڵ پێدانی مووچە كەمئەندامانی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و ئاشكرای كرد بەڵێنی لەم شێوەیە ئەمڕۆ ڕێباز حەملان بە كەمئەندامانی داوە.

دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان ئێستە بەردەوامە و كۆتایی هەفتەی داهاتوو لیستی تەواوكاری مووچەی فەرمانبەران ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش دوای هاتنی پارەی بەغدا.



وشە - رامیار جەواد


PM:03:02:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 3194 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌