ساڵانە 21 هەزار تۆن هەنگوین لە پارێزگایه‌كی كوردستان بەرهەم دەهێنرێ

:: PM:03:05:12/07/2018 ‌


پاریزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان یەكێك لە گرنگرین پارێزگاكانە بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین و 27%ی پێداویستی هەموو ئێران بە هەنگوین دابین دەكات.

لەم پارێزگایە ژمارەی شانەی هەنگەكان دەگاتە ملیۆنێك و 119 هەزار دانە و پلەی یەكەمی لە ناو سەرجەم پاریزگاكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا هەیە.

فەزڵوڵا قوڕەیشی جێگری پەرەپێدانی بەرهەمی ئاژەڵ و پەلەوەر لە بەڕیوەبەرایەتی كشتوكاڵی ورمێ  بۆ "مێهرنیوز" باسی لەوە كردووە كە هەنگوینی ورمێ بۆ هەریەك لە وڵاتانی عێراق، مالیزیا، توركیا، ئیمارات و چین هەناردە دەكرێت.

ئەو نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕیوە كە بەشێك لە هەنگوینی ورمێ بە قاچاخی و بێ ئەوەی بەستەبەندی بكرێت بۆ توركیا دەگوازرێتەوە و لەوێشەوە بە ناوی بەرهەمی توركیا رەوانەی بازاڕەكان دەكرێت.

پارێزگای ورمێی لە رووی كەشوهەواوە لە هاویندا فێنكە و لە وەرزەكانی تریشدا ساردە و زۆر گونجاوە بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و جگە لە بەرهەمهێنانی هەنگوین ئەم پارێزگایە بە كشتوكاڵ و باخداری و ئاژەڵداریش بەناوبانگە. پارێزگاكە خاوەنی 400 هەزار رەشەوڵاغە كە 82 هەزاریان گامێشن و ساڵانە 60 هەزار تۆن شیر بەرهەم دێنن.




وشە - سلێمان تاشان