ترەمپ كورد بە هاوپەیمانێكی گەورەی وڵاتەكەی ناو دەبات

:: PM:03:25:12/07/2018 ‌
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕۆڵی كورد بەرز دەنرخێنێت و بە هاوپەیمانێكی زیرەك و وریا پێناسی دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ"، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا.

ترەمپ لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، كورد بە هەموو پێكهاتەكانییەوە گەلێكی مەزنە، جەنگاوەری بێ وێنەن. ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە لەلایەن پەیامنێرێكی كەناڵی كوردستان 24 لەبارەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و كورد پرسیاری لێ‌ كراوە.

ترەمپ لەبارەی كوردەوە درێژە بە قسەكانی دەدات و بە هاوپەیمانێكی ڕژدی لەگەڵ وڵاتەكەی ناو دەبات و دەڵێت، كورد لە زۆر رووەوە هاوپەیمانێكی زیرەك و وریای ئێمەن.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی باسی ڕۆڵی كوردی كردووە و بەگرنگی زانیوە هاوپەیمانی لەگەڵ كورد بەردەوام بێت بەهۆی ئەوەی ئەوەی پێی وابووە كورد دەتوانی شەڕی گەورە دژ بە تیرۆرستانی داعش بكات.

لەگەڵ هاتنە سەر حوكمی ترەمپ لە ئەمەریكا، هاوكارییەكانی ئەو وڵاتە بۆ هێزە كوردییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەردەوام بوو، ئێستە پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانی دژایەتی تیرۆر دەكەن.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم