هەموو شتێك لەسەر ڕاپەڕینی ئەمڕۆی بەسڕە بخوێنەوە

:: PM:04:06:12/07/2018 ‌


خۆپێشاندانەكانی بەسڕە شەڕی لێكەوتەوە و شەش كەس بریندار بوون، خۆپێشاندەران زۆرینەی دەروازە سەرەكییەكانی شارەكەیان بە رووی پارێزگاكانی تر و دەروازە سنوورییەكان لەلایەن خۆپێشاندەراننەوە داخران و كۆمپانیا نەوتییەكانیش كێڵگە نەوتییەكانی شارەكەیان چۆڵ كرد.


رۆژی پێنجەمی خۆپێشاندان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز، خۆپێشاندان بۆ رۆژی پێنجەم لەسەر یەكتر لە پارێزگای بەسڕە بەردەوامی پێ درا، سەرچاوەیەك لەناو خۆپێشاندەران كە قسەی بۆ "سۆمەریە نیوز" كردووە، دەڵێ خۆپێشاندەران بە ئاراستەی ناوچەی سەخیر و كەرمە عەلی جووڵەیان كردووە، لەگەڵ خۆیاندا رێی سەرەكی هاتوچۆی نێوان بەسڕە و بەغدایان داخست.

"خۆپێشاندەران داوای رەخساندنی هەلی كار و خزمەتگوزارییان دەكرد، هێزە تەناهییەكانیش هەوڵیان دەدا پەرتەوازەیان بكەن". سەرچاوەكە وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو خۆپێشاندانەكە بەرفرەوانتر بووە و سبەی هەینیش لە تەواوی پارێزگای بەسڕە بەردەوامی دەبێت.

شەش بریندار هەیە
بەپێی هەواڵێكی تری ماڵپەڕی "پێترا" لە خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆ پێنجشەم كە زۆرینەی كووچە و كۆڵانەكانی بەسڕە و  كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی گرتەوە، چوار خۆپێشاندەر و دوو پۆلیس بریندار بوونە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

پۆلیشی ئامادەباشی "ج"ی راگەیاند
سەرچاوەكی تەناهی رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكانی لە بەسڕە هەن خراونەتە ئامادەباشی پلە "ج" كە دەبێت دەستبەجێ هەموو ئەندامانی هێزە تەناهییەكان پێوەندی بە دەوامەوە بكەن.

ئەو سەرچاوە تەناهییە كە قسەی بۆ "رەشید نیوز" كردووە، گوتی "راگەیاندنی باری تەناهی "ج" دوای تێكچوونی دۆخی تەناهی بەسڕە دێت كە مەترسییەكانی سەر شارەكە زۆر زیاتر بووە بەهۆی سووتاندنی بارەگای هێزی ئامادەی سەر بە وەزارەتی نەوت لە شارۆكەی مەدینەی باكوری پارێزگای بەسڕە.

كێڵگە نەوتییەكان چۆڵ كران و رومێلە سووتێنرا
زۆرینەی كارمەند و كرێكارە بیانییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە كێڵگەكانی رومێڵە لە باكوری شارەكە و كێڵگەی قوڕنە و ئەوانی تریش، كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتیان جێ هێشت. چەند سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای دەكەن كە خۆپێشاندەران چوونەتە ناو كێڵگەی نەوتی رومیڵە لە باكوری بەسڕە، یەكێك لە باڵەخانەكانیان سووتاندووە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "سكای نیوزی عەرەبی" لەناو  كارمەندەكاندا 60 كارمەندی ئەمەریكی هەبوون لە كێڵگەی قوڕنە، دوێنێ چوارشەم لە رێی دەروازەی سەفوان بە پاسی تایبەت گوازرانەوە بۆ كوێت.

پێوەند بە كارمەندەكانی تری كۆمپانیا لۆك ئۆیڵ، ماڵپەڕی رەشید نیوز لە هەواڵێكی وێنەیدا نیشانی دەدات كە كارمەندەكان بە هەلیكۆپتەری تایبەت دەگوازرێنەوە.

خۆپێشاندان بەردەوامی هەیە
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەكان، خۆپێشاندانەكەی بەسڕە بەردەوامی هەیە و سبەی هەینیش بەردەوام دەبێت، ئێستە گەیشتووەتە گرتنی رێی سەرەكی چوون بەرەو دەروازەی سنووری شەلامجە لەگەڵ ئێران، بە بەردەوامیش داواكارییەكانی خۆیان دووبارە دەكەنەوە كە هەلی كار و خزمەتگوزارییەكانە.

خۆپێشاندەران دەروازە سنوورییەكەیان داخستووە و رێ بە هاتنە ناوەوەی كەلوپەلی ئێرانی لەو دەروازەیە نادەن وەك هۆیەكی گوشار بەسەر حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

حكوومەت هەزاران هەلی كار و بەڵێن دەدات
شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراق كە پێكهاتوون لە وەزیرانی كارەبا و نەوت و سەرچاوەكانی ئاو و نیشتەجێبوون، لە رێی فڕۆكەخانەی بەغداوە گەیشتنە فڕۆكەخانەی بەسڕە.

شاندەكە دەیان بەڵێنی گەورە گەورەیان بە خۆپێشاندەران داوە بە مەبەستی كۆتایی پێهێنانی خۆپێشاندانەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی جەبار لعێبی وەزیری نەوت رای گەیاند كە ئەو لیژنە باڵایەی سەردانی بەسڕای كردووە، لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران راسپێراوە بە رەخساندنی 10 هەزار هەلی كار بۆ گەنجانی بەسڕە.

داواشی لە خۆپێشاندەران كرد كە هەڵنەكوتنە سەر دامەزراوە نەوتییەكان بەو پێیەی ئەو دامەزراوانە ئابووری وڵات دابین دەكەن، گوتی "250 كەس لە خەڵكی شارۆكەی مەدینە لە كێڵگە نەوتییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوت دادەمەزرێنین".

"ئەو بڕیارانەی دراون بۆ بەسڕە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە، رەخساندنی هەلی كارە بۆ كەسوكاری گەنجە كوژراوەكەی ناوچەی باهلە لە شارۆكەی مەدینەی باكوری بەسڕە، هاوكات قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان".

عەشیرەت چۆكی بە حكوومەت دادا
پێنج رۆژ لەمەوبەر، بێكاری و نەبوونی كارەبا هاووڵاتییانی دەڤەری باهلەی سەر بە شارۆكەی مەدینە باكوری بەسڕەی هێنایە سەر شەقامەكان و داوای دابینكردنی هەلی كار و كارەبایان دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی پاراستنی كێڵگەی نەوتی قوڕنە، دەستڕێژی فیشەكیان لێ كرا و بەهۆیەوە گەنجێك دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و پێنجی تریش بریندار بوون.

رووداوەكە بۆ رۆژی دواتر گەورەتر بوو، خەڵكی دەڤەرەكە جارێكی تر خۆپێشاندانیان دەست پێ كردەوە و داوای رادەستكردنی بكوژی كوڕەكەیان دەكرد.

دۆخەكە بەجۆرێك گەورە بوو، عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ كە گەنجە كوژراوەكە لەوانە، هاتنە سەر خەت، محەمەد ئەبولهێل شێخی عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ دەڵێ، دەبێت ئەو كەسانەی تێوەگلاون بە كوشتنی ئەو گەنجە ناڕازییەی عەشیرەتەكەی ئێمە رادەستمان بكرێن، لەگەڵ ئەو ئەفسەرەی بڕیاری تەقەكردنەكەی داوە دژ بە خۆپێشاندەران، گوتی "ئەگەر ئەوە نەكەن، ئەوا رێوشوێنی توند دژ بە هێزە تەناهییەكان دەگرینەبەر".

لای خۆیەوە عەبد ئەلحوسێن ئەلمەنسووڕی یەكێك لە پیاوماقووڵانی عەشیرەتی ئەو گەنجەی كوژراوە، تووڕەیی و هەڵچوون لەناو عەشیرەت گەیشتووەتە قۆناغی زۆر مەترسیدار، ئەگەری هەیە دۆخی تەناهی بەسڕە بە تەواوەتی تێك بدات ئەگەر حكوومەت تۆمەتباران رادەست نەكات. گوتی "خۆپێشاندان بەردەوام دەبێت و هەڵوێستەكانیش توندتر دەبێت تا ئەو كاتەی حكوومەت داواكارییەكانی عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ جێبەجێ دەكات".

دۆخەكە لە بەسڕە زۆر لەوە زیاتر تێكچووە كە چاوەڕوان دەكرا، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند عەشیرەتێكی تریش هاتوونەتە پاڵ عەشیرەتی بەنی مەنسووڕ.

زوغام سەباح مالیكی شێخی عەشیرەتی بەنی مالك، دەڵێ چیتر عێراق دەوڵەت نییە، بەڵكو بووە بە وڵاتی گرووپە مافیاكان و حزبەكان كە یاری بە چارەنووس و سەرچاوەی داهاتی وڵات دەكەن، هەرچی دەكەوێتە دەستیان دەیفرۆشن تا دەگات سەروەریی وڵاتیش.

زیاتر گوتی "پێویستە لەسەرمان دۆخەكە رێك بخەینەوە لە پێناو پاراستنی مانەوەی خۆمان، ئەگەر ئەوە نەكەین، ئەوا ئێمەش دەبینە پاروویەكی چەوری مافیاكان ناوەخۆ و نێودەوڵەتی".

شێخی عەشیرەتی بەنی مالیك رەخنەی توندی لە رووداوی كوشتنی ئەو گەنجە گرت، دەڵێ ئەوە پەیامێكی روونە لای دەسەڵاتدارانی عێراق كە هەر كەس داوای مافی خۆی بكات ئەوا دەكوژرێت، ناكرێت بەرانبەر بەو پەیامە بێدەنگ بین.

پایتەختی ئابووری عێراق كە ژمارەی دانیشتووانی سێ ملیۆن كەس دەبێت، رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەفرۆشرێت و هەزاران تۆن كەلوپەلی لێوە هاوردەی عێراق لە رێی حەوت بەندەرەكەی سەر كەنداوی عەرەبی، كەچی بەپێی بەدواداچوونێكی لیژنەی پلاندانان لە ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە 48%ی دەرچووانی خوێندنی باڵا بێكارن!

بەسڕە سێیەم گەورەترین پارێزگای عێراق 590 كم باشووری بەغدا كە شەتولعەرەب "190كم درێژە" بەناو شارەكەدا تێپەڕ دەبێت، هاووڵاتییانی لە تەنگژەی ئاوی خواردنەوەدان و رۆژانە تانكەری ئاو بە 50 هەزار دینار دەكڕن، ئەمە لە كاتێكدایە پچڕانی كارەبا هێندەی تر گەرمای هاوینی لێ بەتینتر كردووە.




وشە - فه‌رمان سادق