ڕێی نێوان هەولێر و كۆیە فراوان دەكرێ‌

:: PM:06:38:12/07/2018 ‌
قایمقامی شارۆكەی كۆیە ڕای گەیاند، كاركردن لە دووسایدی ڕێی نێوان هەولێر و كۆیە دەست پێ دەكاتەوە ئەوەیش دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێكردن و چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان لەمبارەیەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، حاكم تاریق حەیدەری قایمقامی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕای گەیاند، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر توانیمان پڕۆژەی ڕێی دووسایدی نێوان هەولێر - كۆیە بخەینەوە كار و  بچێتەوە بواری جێبەجێ كردنەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ڕێی ئێستەی نێوان كۆیە -هەولێر فراوان دەكرێت بۆ پانی نۆ مەتر، بە مەبەستی رێگری كردن لە روودانی روداوی هاتوچۆ.

ئاماژەی بەوە كرد كە داوای لەلایەنە پێوەندیدارەكان كردووە هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ڕێی هەولێر -كەركووك بكرێتەوە تا پاڵەپەۆستۆی سەر ڕێی كۆیە كەم ببێتەوە.

ڕێی نێوان هەولێر و كۆیە كە بە رێی مەرگ ناسراوە لەماوەی ڕابردوو چەندان ڕووداوی هاتوچۆی تیایدا ڕووی دا، لەدوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیر كردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕێی سەرەكی هەولێر- كەركووك داخرا و پاڵەپەستۆ كەوتەوە سەر ڕێی كۆیە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم