په‌یه‌ده‌ له‌سه‌ر داوای ئه‌سه‌د پۆسته‌ری شه‌هیدان و وێنه‌ی ئۆجه‌لان لا ده‌بات

:: AM:11:01:13/07/2018 ‌
دوای ئه‌وه‌ی له‌ زۆربه‌ی میدیاكان بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ په‌یه‌ده‌ خۆی له‌ رژێمی سووریا نزیك ده‌كاته‌وه‌، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری سه‌ربه‌ په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، ناڕه‌زایه‌تی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌نه‌كه‌سه‌ ده‌ڵێ، په‌یه‌ده‌ له‌ كۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د رێككه‌وتنی هه‌بووه‌ و ئێسته‌ش ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ په‌ره‌ پێ ده‌دات.

رۆژئاوای كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای گرژییه‌كانی سووریاوه‌ به‌ رێككه‌وتنێك له‌لایه‌ن سوپای ئه‌سه‌د چۆڵ كرا بۆ په‌یه‌ده‌ /باڵی سووریای په‌كه‌كه‌/ به‌وه‌یش به‌ره‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ بۆ رژێم بچووك بووه‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆی پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا په‌یه‌ده‌ دووری گرت له‌ رژێم و ئێسته‌ له‌ هه‌وڵدان پێوه‌ندییه‌كان پته‌و بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌سه‌د داوای ناوچه‌ كوردییه‌كان ده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵام سلێمان ئۆسۆ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌، بۆ ''وشه‌'' ده‌ڵێ، "هه‌رگیز په‌یه‌ده‌ پێوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د نه‌پچڕاندووه‌ و ئێسته‌ش جگه‌ له‌ درێژه‌دان به‌و پێوه‌ندییانه‌، خه‌ریكه‌ زیاتر په‌ره‌یان پێ ده‌دات. 

به‌گوته‌ی ئۆسۆ "په‌یه‌ده‌ هه‌موو شتێكی كردووه‌ته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی" و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ كۆنه‌وه‌ زانیارییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ و ئاگاداری رێككه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌یشین"، به‌ڵام په‌یه‌ده‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

پێویسته‌ بگوترێت پێشتریش ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات ''MSD '' سه‌ربه‌ په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژئاوا، رای گه‌یاندبوو كه‌ به‌ بێ شه‌ڕ و مه‌رج ده‌توانن له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د دانوستاندن بكه‌ن.

له‌وه‌ند عه‌لی حوسێن چاودێری سیاسی، به‌''وشه‌''ی راگه‌یاند، په‌یه‌ده‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی له‌ رژێمی ئه‌سه‌د دوور نه‌گرتووه‌ و له‌م دواییانه‌شدا ڕێككه‌وتنێكی تری له‌گه‌ڵدا كردوون به‌بێ مه‌رج، له‌ به‌رانبه‌ردا رژێمی ئه‌سه‌د هه‌موو مه‌رجێك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر ده‌سپێنێ.

به‌گوێره‌ی دواین رێككه‌وتنی نێوان په‌یه‌ده‌ و ئه‌سه‌د كه‌ له‌وه‌ند ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، "پێویسته‌ له‌سه‌ر په‌یه‌ده‌ هه‌رچی پۆسته‌ر و وێنه‌ و سیبمۆله‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ و سه‌ركرده‌كانیان به‌ ئۆجه‌لانیشه‌وه‌ و وێنه‌ی شه‌هیدانیان له‌ شاره‌كان لا بده‌ن، چونكه‌ دووره‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌سه‌د، په‌یه‌ده‌ به‌وه‌ ڕازی بووه‌ و هه‌موو وێنه‌كانی شه‌هیدان و سه‌ركرده‌كانیان له‌ عاموودا سه‌رێ كانی و حه‌سه‌كه‌ لادا".

ئه‌م چاودێره‌ سیاسییه‌ پێی وایه‌، هه‌رچی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ گوایه‌ سه‌ركرده‌كانی په‌یه‌ده‌ له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه‌ ده‌ڕفێنرێن، دوورن له‌ راستی و ته‌نیا بۆ خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ راستییه‌كان، چونكه‌ خه‌ڵك باش ده‌زانن په‌یه‌ده‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شقه‌وه‌ نزیكه‌.

رۆژئاوای كوردستان به‌راورد به‌ دۆخی كورد له‌و وڵاته‌ له‌ رابردوودا، ئه‌زموونێكی نوێیه‌ و كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌شه‌كردنی لێی هه‌یه‌، له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریشدا رۆڵی كارایان گێڕاوه‌، بۆیه‌ ئێسته‌ كورد به‌ گشتیی له‌ دڵه‌ڕاوكه‌دان بۆ ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزانه‌ی له‌ پێوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا، هاوكات په‌یه‌ده‌ و ئه‌سه‌د، قسه‌یان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ.

رۆژنامه‌ی "ئه‌لوه‌ته‌ن"یش كه‌ نزیكه‌ له‌ رژێمی سووریا رای گه‌یاندووه‌، ئه‌سه‌د و په‌یه‌ده‌ ڕێككه‌وتنێكیان له‌ حه‌سه‌كه‌ و عاموودا و سه‌رێ كانی واژوو كردووه‌ له‌باره‌ی لادانی هه‌موو وێنه‌ی شه‌هیدانی په‌یه‌ده‌ و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و پارته‌ له‌ شاره‌كان. ئۆسۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ "راسته‌ و له‌ حه‌سه‌كه‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

سه‌ركرده‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ زۆربه‌ی جار داوایان له‌ په‌یه‌ده‌ كردووه‌ ڕێیان پێ بدات له‌ رۆژئاوا كاری سیاسییان بكه‌ن، كه‌چی په‌یه‌ده‌ نه‌ك رێیان پێ نادات، بگره‌ له‌ رۆژئاوا ده‌ریان ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌كی تر به‌ ئاشكرا و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵك ده‌چێت له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئه‌سه‌د رێككه‌وتن ده‌كات.

له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئاڵدار خه‌لیل هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ڤده‌م له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه‌، "بڕیاری لابردنی پۆسته‌ر و وێنه‌كان بۆ رێكخستنی شارن". به‌ڵام چاودێر و شاره‌زایانی سیاسی له‌ رۆژئاوای كوردستان، ره‌خنه‌ی توند له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ر ده‌گرن. خێزانی شه‌هیدانیش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ قسه‌ی خۆیان هه‌بوو نیگه‌رانن له‌ لێكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی شه‌هیده‌كانیان.

لای خۆیه‌وه‌ شه‌پۆلی دواڕۆژی كورد، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی خه‌ریكه‌ په‌یه‌ده‌ ته‌واوی رۆژئاوای كوردستان ڕاده‌ستی رژێمی ئه‌سه‌د ده‌كات.

"وشه‌" ساڵی 2014 ده‌قی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان په‌یه‌ده‌ و رژێمی سووریا واژوو كراون و ناوچه‌ كوردییه‌كان به‌ په‌یه‌ده‌ ده‌سپێرن، به‌ڵام له‌ فرۆشتنی نه‌وتدا هاوبه‌شن و له‌ به‌رانبه‌ردا حكوومه‌تی سووریا مووچه‌ی كارمه‌ندانی له‌ رۆژئاوای كوردستان راناگرێت.

دهۆك - كاروان باعه‌درێ


وشە - تایبه‌ت