بازرگانانی سلێمانی له ئێران تووشی كێشه ده‌بن و پاره‌كانیان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت. جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی ده‌ڵێت، ئه‌وان له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌دان و رای ده‌گه‌یه‌نێت كه "ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا زۆر له‌و بازرگانانه مایه‌پووچ ده‌بن".
كاتێك بازرگانانی سلێمانی بیانه‌وێت شمه‌ك و كاڵا هاورده بكه‌ن، له‌لایه‌ن كه‌سانی ساخته‌كار له ئێران سكاڵایان له دژ تۆمار ده‌كرێت به‌وه‌ی گوایه پاره‌یان لای ئه‌و بازرگانانه‌یه، كه راستییه‌كه‌ی ئه‌وه بوونی نییه، به‌ڵام به‌و هۆی ئه‌و سكاڵایه‌وه له ئێران ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌ی بازرگانانی سلێمانی ده‌گیرێت و كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كرێت.
یاسین ڕه‌حیم جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی سلێمانی، بۆ "وشه"ی ورده‌كاری كێشه‌كه ده‌خاته ڕوو، "له ئێران كێشه‌یه‌ك به‌رۆكی بازرگانانی سلێمانی گرتووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له كاتی كڕینی شمه‌ك و پێویستی به‌مه‌به‌ستی هاورده‌كردنیان بۆ سلێمانی، ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌كانیاندا گیراوه".
ئه‌و ده‌ڵێ "داوامان له به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی ئێران كردووه پاره‌ی ده‌ستبه‌ردا گیراوی بازرگانانی سلێمانی، بگه‌ڕێته‌وه بۆ بازرگانه‌كانمان، چونكه له ئه‌نجامی فێڵی ساخته‌چییه‌كان ئه‌و پاره‌یه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه".
ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاگاداری ئێرانی كردووه‌ته‌وه بۆ باشكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و كاری باشتر و پێكه‌وه‌بوون، به‌گوته‌ی ئه‌وان، پێویسته هاوكاریی بازرگانه‌كانی هه‌رێم بكرێت.
ژماره‌یه‌ك بازرگان له ژووری بازرگانییه‌وه سكاڵایان تۆمار كردووه و ئه‌وانیان له‌و كێشه‌یه ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ئێران ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌كانیاندا گرتووه.
یاسین ڕه‌حیم وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییه، ئاماده نه‌بوو به ئامار ژماره‌ی بازرگانه‌كان و بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه ئاشكرا بكات، به‌ڵام گوتی "ده‌مانه‌وێت به‌بێ گه‌وره‌بوونی كێشه‌كه/ پاره‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ بازرگانان و كێشه‌كه كۆتایی پێ بێت".
جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی داوا ده‌كات كه كێشه‌ی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری بازرگانی ئه‌وان نه‌بێت، چونكه به‌گوته‌ی خۆی "ئه‌وان سیاسی نین و ته‌نیا كاره‌كه‌یان بازرگانییه". به باشیشی ده‌زانێ كه لیژنه‌یه‌ك دروست بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، دادگاش كاری خۆی بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌كه.
به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه بازرگانان ناخوازن گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌كانیان درێژه بكێشێت و بگات به دادگا، چونكه دره‌نگ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه وا ده‌كات بازرگانه‌كانان مایه‌پووچ بن.
دكتۆر محه‌مه‌د ره‌ئووف مامۆستای زانكۆ و شاره‌زا له بواری ئابووری، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و كێشه‌یه وا ده‌كات جموجۆڵی بازرگانی كه‌م بكاته‌وه له نێوان هه‌ردوولا، كاتێك پاره‌ی بازرگان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، بازرگانێكی تریش ئاماده نییه روو له ئێران بكاته‌وه.
به گوته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ، پێ ده‌چێت كاری ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی پاره‌ی بازرگانان، كاری حكوومه‌تی ئێران خۆی بێت، چونكه ناكرێت به قسه‌ی كه‌سێك ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌دا بگیرێت.
هاوكات هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند كه ئه‌وان هیچ ناڕه‌زایه‌تی و سكاڵایه‌كیان به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، دووپاتیشی كرده‌وه "هه‌ركات كێشه‌كه گه‌یشته لای ئێمه و له‌و بابه‌ته ئاگادار كراینه‌وه، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ باڵوێزخانه و كونسوڵگه‌كانی ئێران له هه‌رێمی كوردستان و عێراق قسه ده‌كه‌ین له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه".
ئه‌و حاڵه‌ته له كاتێكدا به‌شی زۆری كاڵا و كه‌ره‌سه‌ته‌ی ئێران له هه‌رێمی كوردستان ساغ ده‌كرێته‌وه و هه‌نارده‌یشی بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق هه‌ر له رێگه‌ی كوردستانه‌وه‌یه.
لای خۆیه‌وه شێخ مسته‌فا سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئاگاداری ئه‌و كێشه‌یه نین كه پاره‌ی بازرگانانی سلێمانی له ئێران ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێت، به‌ڵام ساڵی ڕابردوو كێشه‌یه‌كی تر بۆ بازرگانانی سلێمانی له ئێران دروست بوو، ئه‌ویش له كاتی حه‌واڵه‌كردنی پاره له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه، پاره‌كانیان نه‌ده‌گه‌یشته شوێنی خۆی و ده‌دزرا.
ئه‌و ڕوونی كرده‌وه، حه‌واڵه‌كان كه به ئیمه‌یل ڕه‌وانه ده‌كران، هاك ده‌كران، ئه‌وكات پاره‌كه نه‌ده‌چووه سه‌ر ئه‌و ژماره حیسابه‌ی بازرگانه‌كه ده‌یویست، به‌ڵكو ده‌چووه سه‌ر حیسابێكی تر له بانكێكی تر و ناوه‌كه ده‌گۆڕا، ئه‌وه‌ش له ڕێی هاككه‌ره‌كانه‌وه ده‌كرا، به‌ڵام به‌وه بازرگانان تووشی كێشه ده‌بوونه‌وه و زیانیان ده‌كرد.
به‌گوته‌ی شێخ "جاری وا هه‌بوو بازرگان هه‌بووه له یه‌ك جاردا به سێ ملیۆن دۆلار هاك ده‌كرا، كاتێك زانرا به‌و جۆره حه‌واڵه‌یه كێشه دروست ده‌بێت، ده‌ستبه‌جێ بازرگانه‌كان حه‌واڵه‌ی ئینته‌رنێتیان ڕاگرت و حه‌واڵه‌ی ده‌ستیان ده‌ست پێ كرد".
سلێمانی - هۆشیار عه‌لی