نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بۆ دووەم هەفتەی لەدوای یەك دابەزی

:: AM:09:14:14/07/2018 ‌

هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسەی نەوت كۆتایی پێ هات و نرخی نەوتیش بۆ دووەم هەفتەی لە دوای یەك دابەزینی تۆمار كرد. 

پێش دوو هەفتە لەمەوبەر نرخی نەوت گەیشتبووە 79 دۆلار. دوای هەفتەیەك سێ دۆلار و هەفتەی رابردووش دوو دۆلار و نیو لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت دابەزی. ئێستە بەرمیلی ئەم جۆرە نەوتە بە 74 دۆلار و 82 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی جۆری ئەمەریكی ناسراو بە WTI بۆ هەفتەی یەكەم دابەزینی تۆمار كرد دوای ئەوەی سێ هەفتەی لەدوای یەك نرخەكەی هەڵكشابوو. هەفتەی رابردوو نرخی ئەم جۆرە نەوتە لە سەرووی 74 دۆلارەوە دابەزی بۆ 70 دۆلار و 49 سەنت.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سێ هۆكار رۆڵیان هەبووە لە دابەزینی نرخی نەوت، یەكەمیان قووڵتربوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین، دووەمیان ئەگەری چالاكبوونەوەی بەندەرەكانی لیبیا لە داهاتوویەكی نزیكدا و سێیەمیش سیاسەتێكی نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی پێداچوونەوە بە داواكاری هەندێك لەو كۆمپانیایانە كە كڕیاری نەوتی ئێرانن و دەیانەوێت ئەمەریكا رێیان پێ بدات نەوت لە ئێران بكڕن.

ئەمەریكا پێشتر رای گەیاندبوو لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە هیچ كۆمپانیایەك بۆی نییە نەوت لە ئێران بكڕێت. ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا مەترسی ئەوەی هەبوو نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە و تەنانەت 100 دۆلاریش تێپەڕێنێت. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە زیانی ئەمەریكایە، بۆیە پێ دەچێت لەو بڕیارەی پاشگەز بووبێتەوە بەو ئامانجەی رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات.





وشە - سلێمان تاشان