سێ ملیۆن و 570 هەزار ئاوارەی سووریا لە توركیان

:: PM:02:36:14/07/2018 ‌

وەزارەتی ناوخۆی توركیا نوێترین ئاماری ئاوارەكانی سووریا لە ناو خاكی وڵاتەكەی بڵاو كردەوە و بەگوێرەی ئامارەكەش، ژمارەی گشتی ئەو ئاوارانە بریتییە لە سێ ملیۆن و 570 هەزار و 352 كەس.

ئاوارەكان لە شارە جیاجیاكانی توركیا بڵاو بوونەتەوە و لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 935 هەزار و 499 كەسیان لە رەگەزی نێر و ئەوانەی تر لە رەگەزی مێیینەن.

زۆرترین ئاوارە رووی لە شاری ئیستەنبوڵ كردووە و ژمارەكە دەگاتە 563 هەزار و 15 پەناخواز و بە گشتیش 216 هەزار و 890 كەس لە كەمپەكانی تایبەت بە ئاوارەكان جێگیر كراون.

بەگوێرەی "ئیرنا" محەمەد گوللو ئۆغڵو سەرۆكی رێكخراوی بەڕێوەبردنی تەنگژە و فریاكەوتنی توركیا باسی لەوە كردووە كە تا ئێستە 200 هەزار ئاوارەی سووریا بۆ وڵاتی خۆیان گەڕاونەتەوە.

چەند مانگ لەمەوبەر حكوومەتی توركیا بڵاوی كردەوە بۆ داڵدەدان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەكان، سەرووی 32 ملیار دۆلاری خەرج كردووە و سەرەڕای ئەوەی كە ئەوروپا بەڵێنی پێ دابوو سێ ملیار یۆرۆ یارمەتی بدات، كەچی تەنیا 850 ملیۆن یۆرۆیان ناردووە.

دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە كۆبوونەوەیەكیاندا لە برۆكسل بڕیاریان دا سێ ملیار یۆرۆ یارمەتی توركیا بدەن، بۆ ئەوەی رێگری لە هاتنی ئەو پەناخوازانە بۆ ئەوروپا بكات.

لە ساڵی 2011ەوە جەنگی ناوخۆیی لە سووریا دەستی پێ كردووە و تا ئێستە بەردەوامە. بەهۆی ئەم جەنگە جگە لە ئاوارەبوونی چەندان ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە، سەرووی 300 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.





وشە - سلێمان تاشان