لە هەرێمی كوردستان هەزار كەس دێنە دامەزراندن

بەمەبەستی پاراستنی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی هێزێك، هێزەكانی ئەمەریكا بڕیارە هەزار كەس دامەزرێنن و بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دامەزراندنەكە بەشێوەی فەرمی دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە هێزەكانی ئەمەریكا هێزێك دروست بكەن بۆ پاراستنی كوردستان و ئەو هێزەش دامەزراندنی فەرمی دەبێت لەسەر میلاكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف زیاتر گوتی، لەلایەن ڕێكخراوی یەسناوە داوای دامەزراندنی دوو هەزار و 500 كەسیان كردبوو، بەڵام ئەوان تەنیا هەزار كەس بەفەرمی دادەمەزرێن، كە هێزێكی سەربازی دەبێت.

ئاوات ئاماژەی دا، ئەو دامەزراندنە لەسەر میلاكی حكوومەت دەبێت و ئەوەی زانیاری پێویست بێت دەتوانێت سەردانی ڕێكخراوی یەسنا بكات.

ڕێكخراوی یەسنا تایبەتە بە كاروباری زەردەشتییەكان و لە شارەكانی هەرێمی كوردستان چەندان لقی هەیە .

ماوەی پێنج ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی دامەزراندنی ڕاگرتووە و تەنیا بۆ ئەو دامەزراوانە نەبێت كە پێویستیان بە فەرمانبەر بێت، ئەمەش لەڕێگەی داواكاری تایبەت بووە.




وشە - رامیار جەواد


PM:05:33:14/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 1309 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌