ئۆتۆمبێلی فڕیو بە هەرزانترین نرخ كەوتە بازاڕ

:: AM:08:59:15/07/2018 ‌
كۆمپانیایەكی كەنەدی ئاشكرای كرد كە پەرەی بە ئۆتۆمبێلێك داوە و توانای فڕینی بۆ زیاد كردووە و بە پارەیەكی گونجاو هەموو كەسێك دەتوانێ بیكڕێ و بەكاری بهێنێت.

كۆمپانیای "ئوبنەر"ی كەنەدی ئاشكرای كرد، ئەو ئۆتۆمبێلە فڕیوە ناوی "بلاك فلایەر"ە و لەلایەن كۆمپانیاكە پەرەی پێ دراوە، بە تایبەتمەندی بەهێزەوە دەخرێتە بازاڕەكانەوە و توانای هەڵگرتنی كەسێكی هەیە بە مەرجێك لە 144 كیلۆگرام كێشی كەمتر بێ و درێژیشی نابێ لە دوو مەتر زیاتر بێ.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، ئۆتۆمبێلەكە شۆڕشێكە لە بواری پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و دەتوانێ 25 میل بفڕێ و خێرایییەكەیشی دەگاتە 62 میل لە سەعاتێكدا، ئۆتۆمبێلەكە هەشت بزوێنەری كارەبایی هەیە و دەتوانرێ شەحن بكرێتەوە و نرخەكەیشی زۆر گونجاوە و خەیاڵی نییە، بەڵكو هاوشێوەی نرخی ئۆتۆمبێلێكی كرۆس رۆڤەرە.

ئۆتۆمبێلەكە كەسانێكیشی پێویست نییە كە بڕوانامەی فڕۆكەوانیان هەبێ، تا بتوانن بیكڕن و لێی بخوڕن، بەڵكو هەموو كەسێكی ئاسایی دەتوانێ بیكڕێ و پاش ئەوەیش لەلایەن كۆمپانیاكەوە مەشقی تەواو بە خاوەنەكەی دەكرێ، بۆ ئەوەی تووشی هیچ كێشەیەك نەبێ و شارەزایی تەواوی لا دروست ببێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د