ئەو زانیارییانەی پێویستە لە یاریی كۆتایی مۆندیال بیزانی

:: PM:01:15:15/07/2018 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم یاریی كۆتایی گەورەترین پاڵەوانیەتیی وەرزشی جیهان لە وڵاتی رووسیا بەڕێوە دەچێت ئەویش یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018یە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەوروپی فڕەنسا و كڕواتیا.

وادە و یاریگەی بەڕێوەچوونی یارییەكە

یارییەكە سەعات 5ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپی لۆژنیكی لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا بەڕێوە دەچێت.

ناوبژیوانانی یارییەكە

یارییەكە لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی ئەرجەنتینی بەسەركردایەتی نیستۆر بیتانا بەڕێوە دەچێت.

وێستگەكانی فڕەنسا و كڕواتیا لە مۆندیالی 2018

هەردوو هەڵبژاردەكەی ئەوروپا فڕەنسا و كڕواتیا هەوڵ دەدەن ئەمڕۆ مێژوویەكی نوێ لە یارییەكانی مۆندیال بنووسنەوە و ببنە پاڵەوانی جیهان.

هەڵبژاردەی فڕەنسا لە قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیالدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام كە بەرگریكارەكەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ساموێل ئۆمتیتی تۆماری كرد، گەیشتە یاریی كۆتایی، بەڵام هەڵبژاردەی كڕواتیا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە كاتی زیادكراودا سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا بەدەستهێنا.

هەڵبژاردەی فڕەنسا ئەمە سێیەمجارە لە مێژووی خۆیدا یاریی كۆتایی مۆندیال ئەنجام دەدات، یەكەمجار لە ساڵی 1998 لەنێو یاریگەی خۆی جامەكەی بردەوە دوای ئەوەی بە 3 گۆڵی خاوێن هەڵبژاردەی بەڕازیلی تێكشكاند، لە مۆندیالی 2006ی ئەڵمانیاشدا بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دۆڕا.

هەرچی هەڵبژاردەی كرواتیاشە ئەمە یەكەمجارە لە مێژووی خۆیدا بگاتە یاریی كۆتایی مۆندیال و باشترین ئەنجامیشی لە مێژووی یارییەكانی مۆندیالدا پلەی سێیەمی و ملوانكەی بڕۆنزی مۆندیالی 1998ی فڕەنسا بوو، هەڵبژاردەكە لەم مۆندیالەدا لە قۆناغی پێش كۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر فڕەنسا دۆڕابوو.

ناودارترین ئەستێرەكانی یارییەكەی ئەمڕۆ

لە ریزی هەڵبژاردەی فڕەنسا چەندان ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێ یاری دەكەن كە گرینگترینیان ئەنتوان گریزمان، گیرۆ، عوسمان دێمبێلێ و پۆڵ پۆگبان، لە ریزی هەڵبژاردەی كڕواتیاش چوار یاریزانی زۆر گرینگ هەن كە ئەوانیش برێتین لە لوكا مۆدریچ، ماریۆ ماندزۆكیچ، ئیڤان راكیتیچ و ئیڤان پیریسیچن.

ئەنجامی دوایین یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەكە

دواینجار كە هەردوو هەڵبژاردەكە رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە لە ساڵی 2011 بوو كاتێك لە یارییەكی هەڤاڵینیدا هەردوولا بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م